Accessibility links

بەهۆی ڕووخانی پردێکەوە لە هیندستان لانیکەم 60 کەس گیانیان لەدەستدا


بەرپرسانی هیندستان دەڵێن بەهۆی ڕووخانی پردێکی سەر ڕووبارێکەوە لە ویلایەتی گوجاراتی ڕۆژئاوای هیندستان لانیکەم 60 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسان دەڵێن لە کاتی ڕووخانی پردەکەدا زیاتر لە 150 کەس لەسەر پردەکە بوون کە دەکەوێتە سەر ڕووباری ماچوو لە شارۆچکەی مۆربی.

لە گرتە ڤیدیۆکانی کەناڵە تەلەفیزیۆنەکاندا دەردەکەوێت کە خەڵکەکە خۆیان بە کێبڵ و پاشماوەکانی پردەکەوە گرتووە لە کاتێکدا کە تیمەکانی فریاکەون کۆشش دەکەن بۆ ڕزگارکردنیان. هەندێکیان هێندراونەتە سەرەوە و هەندێکی دیکەیان بە مەلەکردن هاتوونەتەوە سەر وشکانی.

ئەندام پەرلەمانی هیندستان مۆهان کونداریا گوتی " تاوەکو ئێستا 60 حاڵەتی گیان لەدەستدان پشتڕاست کراوەتەوە."

بەرپرسانی دیکەی هیندستان گوتیان لانیکەم 30 کەسی دیکە بریندار بوون.

وەزیری ناوخۆی هیندستان هارش سەنگاڤی گوتی زیاتر لە 150 کەس لەسەر پردە تەسکەکە بوون، شوێنێکی گەشتیارییە و لە ماوەی وەرزی ئاهەنگەکاندا ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.

پردە 230 مەترییەکە پردێکی مێژووییە و لە سەدەی 19 دا لە ژێر فەرمانڕەوایی بەڕیتانییەکاندا دروست کراوە. بۆ ماوەی شەش مانگ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە داخرابوو، هەفتەی ڕابردوو دووبارە کرایەوە.

سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لە کاتی ڕووخانی پردەکەدا لە ماڵەکەی خۆی بوو لە ویلایەتی گوجارات، وتی فەرمانی بە سەرۆک وەزیری ویلایەتەکە کردووە بەپەلە تیمەکان بۆ ئەرکەکانی فریاکەوتن بڵاوبکاتەوە.

حکومەتی ویلایەتەکە تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێنج کەسی پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کارەساتەکە.

XS
SM
MD
LG