Accessibility links

هیندستان دەڵێت خێراترین موشەکی کروزی تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە


هیندستان دەڵێت خێراترین موشەکی کروز لە جیهاندا، سەرکەوتووانە لە تاقیکردنەوەیەکی گرنگدا دەرچووە و لە ئامانجەکەی خۆی لەسەر زەوی داوە پاش ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە هەڵدرابوو.

وەزارەتی بەرگری هیندستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی فڕۆکەیەکی جۆری سۆخۆی Su-30 MKI بۆ تاقیکردنەوەکە گۆڕانکاری تیاکراوە و موشەکەکەی لێبەستراوە کە کێشەکەی نزیکەی 2.5 تۆنە.

پاشان موشەکەکە هەڵدراوە و بەو ئاڕاستەیە ڕۆیشتووە کە بۆی دەستنیشانکرابوو هەتا گەیشتووەتە ئامانجەکەی و لێی داوە.

وەزارەتەکە هیچ زانیاری لە بارەی شوێن تاقیکردنەوەکە نەدا و تەنیا گوتی گۆڕانکاری میکانیکی و کارەبایی و ئەلیکترۆنی زۆر ئاڵۆز لە فڕۆکەکەدا کراون.

باسی لەوەش کرد ئەم موشەکە تواناکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەهێزدەکات و بەمەش دەتوانن بە شەو و ڕۆژ و لە هەموو کەش‌وهەوایەکدا بە خێرایی و بە وردی لە ئامانجەکانیان بدەن چ لە وشکانی یان لە دەریا.

هیندستان لەگەڵ ڕووسیا کار بۆ دروستکردنی موشەکی براهمۆس BrahMos دەکەن کە خێرایـیەکەی دەگاتە 3450 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 300 کیلۆمەتر. دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هیندستان دەڵێن وەها بڕیارە لەم زووانە دەستبکرێت بە فرۆشتنی.

XS
SM
MD
LG