کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کشمیر و جاموی هیندستان دوای 10 ساڵ یەکەمین هەڵبژاردنییان تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 دا هەڵبژاردنەکان لە هەرێمە جێناکۆکی لەسەرەکەدا نەکرا دوابەدوای گەڕاندنەوەی هەرێمەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هیندستان.
سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کشمیری هیندستان ڕاجیڤ کومار لە نیودەلهی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دوای ماوەیەکی زۆر، بڕیارە هەڵبژاردنەکان لە جامو و کشمیر بەڕێوەبچن."
هەڵبژاردنەکان بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچن، لە 18 ی مانگی نۆوە دەستپێدەکەن تاوەکو 1 ی مانگی 10.
کۆمسیۆن وتیشی 8.7 ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن. هەرێمە زۆرینە موسوڵمانەکە لە دوای وەرگرتنی سەربەخۆییەوە لە دوای دەسەڵاتی بەڕیتانیاوە لە ساڵی 1947 دا، دابەش بووە بەسەر هیندستان و پاکستاندا، هیندستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرێمی کشمیر بە تەواوەتی خاکی خۆیەتی، پاکستانیش هەمان بانگەشە دەکات. بەڵام بەشێکی کشمیر لە ژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە و بەشەکەی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی پاکستاندایە.
هەندێک پێیان وایە هەڵبژاردنەکان هەنگاوێکی زۆر گرنگن بەرەو گەڕانەوەی دەنگەکان بۆ خەڵکەکە تاوەکو بتوانن خۆیان سەرکردەی خۆیان دیاری بکەن.
بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەنجومەنە 90 کورسییەکە تەنها دەسەڵاتی بەسەر خوێندن و کلتوردا دەبێت، دەڵێن بڕیارە گرنگەکان هەر لە ژێر دەستی نیودەلهیدا دەمێننەوە.
ڕەخنەگران داوای گشتپرسییەک دەکەن بۆ بڕیاردارن لەسەر داهاتووی هەرێمەکەی هیمالایا کە 12 ملیۆن دانیشتووی هەیە.
نزیکەی 500,000 سەربازی هیندستان ڕەوانەی ناوچەکە کراون، شەڕ لەگەڵ یاخیبوونێکی 35 ساڵەییدا دەکەن کە لە ساڵی 1989 ەوە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاووڵاتی سڤیل و سەرباز و چەکدار.
هەڵبژاردنەکانیش بۆ پێنج کورسیی لە پەرلەمانی نیشتیمانی هیندستاندا لە کشمیری هیندستان لە مانگی شەشدا بەڕێوەچوون.
لەو دەنگدانەدا ڕێژەی بەشداربوون لە سەدا 58.6 بووە، ئەوەش بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2019 دا، هەڵبژاردنەکانی مانگی شەش ڕێژەی بەشداربوون تێیدا لە سەدا 30 زیاتر بووە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی بەشداربوون بووە لە ماوەی 35 ساڵدا.
سەرکردە دیارەکانی جیاخوازەکان کە پێشتر داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانییان کردبوو، لە زینداندان.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکە لە ساڵی 2014 بوو کاتێک پارتی نەتەوە پەرستی بهاراتیا جەنەتای سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی چووە هاوپەیمانێتییەکەوە لەگەڵ پارتی گەلانی دیموکراتدا.
ئەنجومەنەکە لە ساڵی 2018 دا هەڵوەشێندرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی بهاراتیا جەنەتا کشایەوە و هاوپەیمانییەکە ڕووخا.
لە ساڵی 2019 دا حکومەتەکەی مۆدی نیمچە سەربەخۆییەکەی هەرێمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە تەواوەتی خستییەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت.
ئەو گۆڕانکارییەش هەڵبژاردنەکانی ڕاگرت، لەو کاتەشەوە کشمیری هیندستان یاسادانەری لەسەر ئاستی ناوخۆ نەبووە. لە جیاتی ئەوە، فەرمانڕەوایەک هەرێمەکەی بەڕێوەبردووە کە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان کراوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس