Accessibility links

لایەنگرانی عمران خانی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان لە خۆپیشاندانێکی نوێدا شەقامەکان دەگرن


پاکستان، خۆپیشاندان
پاکستان، خۆپیشاندان

لایەنگرانی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عمران خان لە خۆپیشاندانێکی نوێدا شەقامەکانی نزیک پایتەختی وڵاتەکەیان گرت، هاتوچۆیان گرتووە و قوتابخانەکانیش ناچار بوون دەرگاکانیان دابخەن. هۆکاری خۆپیشاندانەکانیش ناڕەزایی دەربڕین بووە دژی هەوڵەکان بۆ کوشتنی عمران خان لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانەدا دژ بە حکومەت.

عمران خان دوای ئەوەی لە مانگی چواردا لە پەرلەمانی پاکستان متمانەی لێسەندرایەوە و لە کارەکەی وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتە دوورخرایەوە، فشار دەکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت، ڕۆژی پێنجشەممەش لە خۆپیشاندانێکی دژ بە حکومەتدا تەقەی لێکرا و قاچی بریندار بوو.

بەرپرسی پۆلیس یاوەر عەلی وتی " خێزانەکان چەند کاتژمێرێکە لەسەر شەقامەکان گیرییان خواردووە. ڕاپۆرتمان بە دەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی خۆپیشاندەران ڕێگەیان بە ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنیش نەداوە بڕۆن."

سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف کە شوێنی عمران خانی گرتەوە، داواکەی خانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕەت کردۆتەوە.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لایەنگرانی خان خۆپیشاندانەکانیان لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی دەوروبەری ئیسلامئاباد دەستپێکرد. شەقامی سەرەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیسلامئابادییان گرتووە، هەروەها ئەو شەقامانەشیان گرتووە کە پایتەخت بە شارەکانی لاهور و پیشاوەرەوە دەبەستنەوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت لایەنگرانی خان لەسەر شەقامەکان تایە دەستوتێنن. حکومەت فەرمانی بە قوتابخانە حکومی و تایبەتییەکان کرد ئەمڕۆ دەرگاکانیان دابخەن و کار نەکەن.

لە 28 ی مانگی 10 دا خان ڕێپێوانێکی ناڕەزایی ڕاگەیاند لە لاهورەوە بۆ ئیسلامئابادی پایتەخت کە بە ڕێپێوانە ناڕەزاییە دوورودرێژەکە ناسراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG