Accessibility links

بۆچی لە ئەمەریکا کۆچبەران گەشبینترن لەو ئەمەریکاییانەی کە لە وڵاتەکە لە دایک بوون؟


سەرەڕای هەر سەختییەک کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببنەوە، کۆچبەران لە ئەمەریکا گەشبینترن لەو ئەمەریکاییانەی کە لە ئەمەریکا لە دایک بوون، ئەمەش بەپێی ڕاپرسییەکی نوێ کە 3,358 کۆچبەری پێگەیشتوو بەشدارییان تێدا کردووە.

شیکەرەوەیەکی باڵای ڕاپرسییەکان لە کەی ئێف ئێف، شانۆن شوماخەر وتی " ئەوان ' کۆچبەران ' دەڵێن ' ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبمەوە لێرە لە ئەمەریکا، بەڵام زۆر باشترە لەو شوێنەی کە لێوەی هاتووم. ئەو باوەڕەشم هەیە کە شتەکان باشتر دەبن بۆ منداڵەکانم." وتیشی " ئیتر لە خوێندنییاندا، لە پارێزراوییاندا یاخود لە دەرفەتە ئابوورییەکاندا، لە چەندین ڕووەوە، کۆچبەران پێیان وایە کە ئێستا ئەوان باشترن و منداڵەکانیشیان باشترن." ڕێکخراوی کەی ئێف ئێف ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و سەنگی خستووەتە سەر سیاسەتی تەندروستی.

ڕاپرسییەکە کە بە هاوبەشی کراوە لە نێوان ڕێکخراوی کەی ئێف ئێف و ڕۆژنامەی لۆس ئانجلس تایمزدا، لە نێوان 10 ی مانگی چوارەوە بۆ 12 ی مانگی شەش ئەنجام دراوە. ئەوانەی وەڵامییان داوەتەوە لە ڕێی تەلەفون و ئیمەیڵ و ئۆنلاینەوە وەڵامییان داوەتەوە. وەڵامەکانیش بەو زمانە سەرەکییانە بوون کە لە ئەمەریکادا باون، لەوانەش ئینگلیزی و ئیسپانی و چینی و کۆری و ڤیێتنامی و پورتوگالی و هایتی و عەرەبی و فەڕەنسی و تاگالۆگ.

شوماخەر دەڵێت ئەنجامەکە گشتگیرترین ڕاپرسییە لەمڕۆدا لەسەر کۆچبەران لە ئەمەریکا.

وتی " ڕاپرسییەکە بەڕاستی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکەکە سەبارەت بە کۆچبەران و بەڕاستی دەنگییان بهێنێتە پێشەوە. لە ڕاستیدا زۆرجار بە دەنگی خۆیان گوێمان لە کۆچبەران نییە."

کۆچبەران لە سەدا 16 ی پێگەیشتووەکانی ناو ئەمەریکا پێکدەهێنن. لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون و پێگەی ئابووری و کۆچی جیاوازییان هەیە. باوەڕییان بە داهاتوویەکی گەشتر لە کاتێکدایە کە هەندێک لە کۆچبەران ڕووبەڕووی قورسایی دەبنەوە لەسەر کارەکانییان و لە سیستمی تەندروستیدا.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە کارییان هەیە، نزیکەی نیوەیان دەڵێن ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە لە شوێنی کارەکانییان. سێ کەسییان لە کۆی 10 کەس پارەی کەمترییان دراوەتێ لە ئەنجامدانی هەمان کاردا، یاخود دەرفەتی کەمترییان بۆ ڕەخساوە بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانییان یاخود زیادکردنی موچەکانییان، ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ئەو هاوەڵە ئەمەریکاییانەیاندا کە لە ئەمەریکا لە دایک بوون.

سیستمی گرنگیدان بە تەندروستی دەکرێت ئاستەنگییەکی دیکە بێت لەبەردەم کۆچبەراندا. لە هەر پێنج کۆچبەرێکدا کۆچبەرێکییان لە ساڵی ڕابردوودا تۆمارکردنی خۆیان لە سیستمی گرنگیدان بە تەندروستیدا دواخستووە یاخود دەستبەرداری بوون، ئەوەش زۆرجار بەهۆی نەبوونی پارە یاخود نەبوونی بیمەی تەندروستییەوە، هەر کاتێکیش پزیشکێک دەبینن، دۆخەکە هەمیشە بە شێوەیەکی ئەرێنی نابێت.

شوماخەر وتی " نزیکەی یەک کۆچبەر لە کۆی چوار کۆچبەر دەڵێن بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە لە ناوەندی تەندروستیدا، یان ئەوەتا گوێیان لێنەگیراوە، یان بەبێ ڕێزییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. یان ئەوەشی کە کارمەندێکی تەندروستی نەبووە بە جۆرێک ڕوون کردنەوە بدات کە ئەوان تێبگەن، یان بۆ ئەوانەی کە زمانی ئینگلیزی بەباشی نازانن نەیانتوانیوە دەستییان بگات بە وەرگێڕێک."

بەپێی ئامارەکە، ڕەشپێستەکان و ئیسپانییەکان ڕووبەڕووی زۆرترین جیاکاری بوونەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG