وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت فڕۆکەی ڕووسی ئەمڕۆ سێشەممە هێرشی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر شاری ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و لە ئاکامدا زیاتر لە 60 کەسی سیڤیل کوژراون.
وەزارەتەکە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ڕووسیا کە وەها خۆی نیشان دەدات پشـتیوانی لە چارەسەری سیاسی سوریا دەکات و لەگەڵ ڕاگرتنی شەڕە لەو وڵاتە، بەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی قورسی کردە سەر نەخۆشخانەی نیشتمانی و مزگەوتی ئەبرار لە شاری ئیدلیب و لە ئاکامدا زیاتر لە 60 کەس کوژراون و نزیکەی 300 کەسی دیکە برینداربوون.
پاشان داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بە پەلە بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەوەی وەزارەتەکە ناوی برد بە تاوانی بێ پاساوی هەردوو ڕژێمی ڕووسیا و سوریا.
جێی ئاماژەیە کۆمەڵەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم بارەیەوە گوتی فڕۆکەی ڕووسی لە کۆمەڵە بینای نەخۆشخانەی نیشتمانی شاری ئیدلیبی و کۆمەڵێـک گەڕەکی شارەکەی داوە و لە ئاکامدا 23 کەس کوژران کە حەوتیان منداڵ بوون. دەشڵێت فڕۆکەکان 10 جار شارەکەیان بۆردومانکردووە.