Accessibility links

سەرۆکی داواکاری گشتی لاهای بە فەرمی داوای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی تاڵیبان دەکات


کەریم خان، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
کەریم خان، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

سەرۆکی داواکارانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی(دادگای لاهای) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردن دەدات بۆ سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەوانەی کە تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەروەها ئاماژەی بە جیاکارییەکاندا دژی ژنان لە ئەفغانستان.

سەرۆکی داواکارانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەریم خان وتی سەرکردەکان بریتین لە ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە و سەرۆکی دادی تاڵیبان عەبدول حەکیم حەقانی، وتیشی ئەم کارەی کە دەیەوێت ئەنجامی بدات لە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و ئەو بەڵگانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە پڕۆسەکەدا کۆکراونەتەوە.

خان وتی " ئۆفیسەکەم بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم دوو هاووڵاتییە ئەفغانییە بەرپرسن لە سزادانی کچان و ژنانی ئەفغانستان، هەروەها کەسانێکن کە تاڵیبان وەکو هاوپەیمانی کچان و ژنان ناساندوونی."

وتیشی لێکۆڵینەوەکان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 ەوە بەردەوامن، لەو کاتەوە کە تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە و لێکدانەوەی توندی خۆیانیان بۆ یاسای ئیسلامی سەپاند بەسەر خەڵکەکەدا.

خان وتی ئۆفیسەکەی بەمزووانە داواکاری زیاتر پێشکەش دەکات بۆ دەستکەوتنی مۆڵەتی دەستگیرکردن بۆ ئەندامە باڵاکانی دیکەی تاڵیبانیش.
ئێستا دادوەرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پێویستە پێداچوونەوە بە داواکارییەکاندا بکەن پێش ئەوەی بڕیار بدەن کە ئایا مۆڵەتی دەستگیرکردن بۆ ئاخوندزادە و حەقانی دەربکەن یان نا. شارەزایان دەڵێن پڕۆسەکە ڕەنگە چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک بخایەنێت.
خان وتی " ئەم داواکارییانە دان بەوەدا دەنێن کە ژنان و کچانی ئەفغانی و کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانیش، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەیەکی بێ پێشینە و بێ ویژدان و بەردەوامی تاڵیبان بوونەتەوە."

وتی " ئەم کارەی ئێمە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی کە کە دۆخی ئێستای ئەفغانستان بۆ ژنان و کچان جێی قبووڵکردن نیە."
ئاخوندزادە کە لە شاری قەندەهاری باشوورەوە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات، لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا چەندین فەرمانی دەرکردووە و کۆتوبەندێکی زۆریی بەسەر ژنان و کچانی ئەفغانستاندا سەپاندووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە " پاکتاوی ڕەگەزی " ناوی دەبات.

خوێندن بۆ کچان لە دوای پۆلی شەشەوە قەدەغە کراوە. کارکردنی زۆربەی ژنان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا قەدەغە کراوە. هەروەها سەردانیکردنییان بۆ پارک و هۆڵی لەشجوانی و شوێنە گشتییەکانی دیکە قەدەغە کراوە.

هەروەها ژنان لە ئەفغانستان ناتوانن بەبێ خزمێکی نزیکی پیاوییان گەشت بکەن و دەبێت لە دەرەوە ڕووخسارییان داپۆشن، ئەمەش وایکردووە کە ئەفغانستان تەنها وڵات بێت لە جیهاندا کە ئەو جۆرە کۆتوبەندانە بسەپێنێت بەسەر ژنان و کچاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ سەرکۆنەی ئەو قەدەغەکردنانەیان کردووە و داوایان لە تاڵیبان کردووە کۆتوبەندەکانییان لەسەر ژنان لاببەن، دەڵێن ئەو کۆتوبەندانە بەربەستی سەرەکین لەبەردەم هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەفغانیدا بۆ ئەوەی حکومەتەکەیان لە کابوڵ بە فەڕمی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدابنرێت.

تاڵیبان داکۆکی لە چۆنێتی فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە کردووە و وتوویەتی کە سیاسەتەکانییان لەگەڵ شەریعەی ئیسلامی و کلتوری ئەفغانیدا دەگونجێن. سەرکردەکانی تاڵیبان دەڵێن سەرجەم دانیشتوانی ئەفغانستان لە ژێر یاسای ئیسلامیدا مافییان پێدراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG