Accessibility links

لێدوانەکانی ئیبراهیم عەباس و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر


شەوی دووشەمە هێزێکی چەکدار و دەمامکدار کە بە وتەی قوربانییەکە دوو ئۆتۆمبیل یان زیاتریان پێبووە و بە شێوازێکی دڕندانە پەلاماری رۆژنامەوان ئیبراهیم عەباس دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن. هاوکات ناوەندەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بایەخێکی زۆرەوە گرنگی بەم کەیسی پێشێلکارییە دەدەن و رێکخراوی پارێزگاری لە رۆژنامەوانان (CPJ) کە بنکەی سەرەکی لە ئەمریکایە وردەکارییەکانی ئەم پێشێلکاریەیان بڵاوکردۆتەوە و داوای رونکردنەوە دەکەن.

ئاسۆ جەبار لە دوو وتووێژی جیاوازدا بۆ دەنگی ئەمریکا لەگەڵ رۆژنامەوان ئیبراهیم عەباس و بەڕێوبەری ئاسایشی هەولێر دکتۆر تاریق نوری دا سازکردووە...

ئیبراهیم عەباس دەڵێت "دوایەمین بەڵگە کە بڵاومکردەوە بریتیبوو لە دەنگی سەرۆ قادری گەورە راوێژکاری راگەیاندنی کاک مەسعود و نێچیرڤان بارزانی تیادابوو، لەوێدا زۆر بە راشکاوانە باسی ئەوە دەکات کە ئەوانە خەریکی چ یارییەکن لەسەر مەسەلەی گەمەکردن بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان."

دەشڵێت "ژیان بە دەستی خوایە، بەڵام زۆری نەمابوو کۆتایی بە ژیانم بێت."

ئیبراهیم عەباس سەبارەت بەو هێزەی کە پەلاماریان دا دەڵێت "هێزێکی دەمامکدار بوون، هەمویان یەک قیافەت و باڵایان بەرزبوو کە باڵایان 190 سانتیمەتر دەبوو، بە هەیکەل بوون، جلی کۆماندۆیان لەبەربوو، کابۆی رەش و تیشێرتی کۆماندۆ لەگەڵ ماسکی رەش، داریان پێبوو، یەک داریان سووربوو، دارەکانی تر رەش بوون، دەستیان کرد بە لێدانم."

بەڵام د. تاریق نوری بەڕێوبەری ئاسایش دەڵێت "نەخێر وا نیەو لەگەڵ کەسێک بە شەڕ هاتووە و لێیانداوە."

دەشڵێت "ئەم کەیسە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەیە."

ئیبراهیم عەباس دەڵێت "ئەوەی دەیوت لێیبدەن بە لەهجەی بارزانی قسەی دەکرد."

هاوکات دەڵێت "لە کۆتاییدا یەکێکیان گەڕایەوە بە هێزێکی ئێجگار زۆر و بە دارە رەشەکەکی لەسەری دام؛ بەوە زۆر پەرێشان بووم، کە لەسەری دام فوارەی خوێن لەسەرم دەهاتە خوارێ و بەجێیانهێشتم و رۆیشتن."

بەڵام د. تاریق نوری دەڵێت "ئەو کەسەی کە لەگەڵ رۆژنامەنوسێک رووبەڕوو دەبێتەوە لەسەر هەر کێشەیەکی شەخسی خۆیان، ئەوە شتێکی سروشتیەوە و تیرۆر نیە."

دەشڵێت "لە کوبانی لەخەڵک درایە، لە سلێمانی لەرۆژنامەنوس درایە، لەهەولێر رۆژنامەنوس بە شەڕ هاتیە."

بەڵام ئیبراهیم عەباس دەڵێت "تا ئێستا پتر لە 30 جار هەڕەشەم لێکراوە."

XS
SM
MD
LG