بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گڕۆسی ڕۆژی دووشەممە لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانیدا کۆبووەوە، مەبەست لە سەردانەکەش یارمەتیدانی عێراقە لە پەرەدان بە پڕۆگرامێکی ئەتۆمی ئاشتییانەدا.
وەزیری خوێندنی عێراق نایم ئەلعەبودی دوای کۆبوونەوەکەی نێوان گڕۆسی و شیاع سودانیدا وتی " تاوتوێی چەندین پڕۆژەمان کرد لە عێراقدا، لەوانەش دروستکردنی ڕیاکتەرێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە."
گڕۆسی وتی لە چەند ڕۆژێکی کەمدا تیمێک لە شارەزایانی عێراقی سەردانی بارەگای دەزگای وزەی ئەتۆمی دەکەن لە ڤییەنا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر " کێشانی نەخشە ڕێگایەک بۆ پڕۆگرامی ئاشتییانەی ئەتۆمی عێراقی." ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی گرنگییەکاندا بە وزەی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا، بە وڵاتانی عەرەبی کەنداویشەوە.
گڕۆسی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە لە ئیماڕات دەبینین، ئەوە لە میسڕ دەبینین، ئەوە لە سعودیە دەبینین و بێگومان دەبێت لێرە لە عێراقیش بیبینین."
لە ڕابردوودا عێراق سێ ڕیاکتەری ئەتۆمی هەبووە لە توایثا کە شوێنی سەرەکی توێژینەوەی ئەتۆمییە لە وڵاتەکەدا و دەکەوێتە باشووری بەغدادەوە. یەکێکییان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لە ساڵی 1981 دا لە ناوبرا و دووانەکەی دیکەش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە لە جەنگی کەنداودا لە ساڵی 1991 دا لە ناوبران.
گڕۆسی وتی " بێگومان هەڵدانەوەی پەڕەیەک بەسەر ئەم ڕابردووە ئاڵۆزەدا زۆر گرنگە و ئێمەش هەر ئەوە دەکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
گڕۆسی: دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی یارمەتی عێراق دەدات لە پەرەدان بە پڕۆگرامێکی ئەتۆمی ئاشتییانەدا