Accessibility links

تیمێکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندن بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەکەن


ڕۆژی چوارشەممە تیمێکی شارەزایانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیا ڕۆیشتن تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ پارێزراوی و ئاسایشی وێستگەکە بکەن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە.

بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی ڕابەرایەتی تیمەکە دەکات و گوتی چەند ڕۆژێک لە وێستگەکە دەمێنێتەوە و ئەرکەکەشیان " ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز دەبێت."

گرۆسی لە کیێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئێمە دەچین بۆ ناوچەیەکی جەنگ. دەچین بۆ ناوچەیەکی داگیرکراو. ئەمە پێویستی بە گرەنتی ڕوون و ئاشکرا هەیە نەک تەنها لە فیدراسیۆنی ڕووسیاوە بەڵکو لە کۆماری ئۆکرانیاشەوە. توانیومانە لەوەش دڵنیا ببینەوە."

وتیشی لێکۆڵەرەوەکانیش قسە لەگەڵ کارمەندانی وێستگەکەدا دەکەن، وێستگەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەندازیارە ئۆکرانییەکان بەڕێوەی دەبەن.

گرۆسی گوتی " بێگومان ئەوە یەکێکە لەو کارە گرنگانەی کە دەمەوێت بیکەم، ئەوە دەکەم."

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی بۆردومانکردن و تەقەکردن لە ناوچەکانی دەوروبەری وێستگە ناوەکییەکە، ڕابەرانی جیهانیش نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی.

تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبوونەوە، زێلێنسکی داوای کرد " دەستبەجێ ناوچەیەکی داماڵینی سەربازیی لە وێستگەکەدا " دابمەزرێندرێت و وێستگەکە " بەتەواوەتی ڕادەستی ئۆکرانیا بکرێتەوە."

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، وێستگەکە نیشانەی ئەوەی پێوە دیاربووە کە بە تۆپهاوێژ لێی درابێت. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی ئەرکەکەیان سەنگ دەخاتە سەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زیانانەی بە وێستگەکە گەیشتووە و دیاریکردنی چالاکیی سیستمەکانی پارێزراوی و ئاسایشی وێستگەکە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کارمەندان و چۆنێتی کارکردنیان.

XS
SM
MD
LG