لێکۆڵەرەوە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیا دەکەن، ئەوەش بەمەبەستی پشکنینی وێستگەکە کە بەردەوام شەڕ و بۆردومانکردن لە دەوروبەری وێستگەکەدا هەیە. ڕۆژی شەممەش جارێکی دیکە هەواڵی تەقەکردن هەبوو لە دەوروبەری وێستگەکە.
ڕاوێژکاری وەزیری وزەی ئۆکرانیا لانا زێرکاڵ وتی پێشبینی دەکرێت تیمێکی شارەزایانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا سەردانی وێستگەکە بکەن. سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسیش وتی دەیەوێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا وێستگەکە بپشکنن، هەروەها هۆشداریداوە لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی.
بەرپرسان نیگەرانن لە ئەگەری دزەکردنی تیشکدانەوەکە ئەگەر هەندێک لە بەشە هەستیارەکانی وێستگە ناوەکییەکە لێیانبدرێت. مۆسکۆ دەڵێت پشتیوانی لە کارەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەکات بەڵام ڕەتی کردۆتەوە هێزەکانی لە وێستگەکە بکشێنێتەوە تاوەکو ناوچەیەکی دابڕاو لە هێزە سەربازییەکان دابمەزرێندرێت.
ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی تەقەکردن بە ئاڕاستەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا کە گەورەترین وێستگەی لەوجۆرەیە لە ئەوروپادا. کۆمپانیای ئینەرگۆتۆمی ئۆکرانیا کە سەرپەرشتی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا دەکات ڕۆژی شەممە وتی هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا " چەند جارێک بۆردومانی " وێستگەکەیان کردووە.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژی ڕابردوودا " سێ جار ناوچەی وێستگەکەیان بۆردومان کردووە، 17 گولە هەڵدراون."
لە هەفتەکانی سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەی زاپۆریژایان کرد و لەو کاتەوە وێستگەکە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا ماوەتەوە. وێستگەکە لەلایەن کارمەندانی ئۆکرانییەوە بەڕێوەدەبرێت. کارمەندێکی وێستگەکەش بە هەمان شێوە سەربازانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی کارمەندەکانی وێستگەکە.
ئەندازیارێک کە لە 4 ی مانگی سێیەوە لە وێستگەکەدا کاردەکات بە دەنگی ئەمەریکای وت هێزەکانی ڕووسیا تۆپهاوێژ و موشەک هاوێژەرییان لە ناوەوە و دەوروبەری وێستگەکەدا جێگیرکردووە.
ئەندازیارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە ترسی تۆڵەی بەرپرسانی ڕووسیا، پشتیوانی لە حکومەتی ئۆکرانیا دەکات و دەڵێت ڕووسیا خۆی بەرپرسە لە تەقینەوەکان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا