Accessibility links

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی: چۆنێتی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ پشکنەرەکاندا جێی قبوڵکردن نیە


دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەو ڕووداوانەی بەسەر پشکنەرەکانی دەزگاکەدا دێن لە ئێران " جێی قبوڵکردن نیە."، دیبلۆماتکاران دەڵێن لە یەکێک لەو ڕووداوانەدا کارمەندانی ئاسایش پشکنەرە ئافرەتەکانیان بەشێوەیەکی نەشیاو پشكنیوە و ئەمەریکاش بە هەراسانکردن ناودێری دەکات.

دیبلۆماتکارانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتیان لە یەکەم ڕووداودا لەم ساڵدا لە کارخانەی ناوەکی ناتانز لە ئێران، پشکنەرێکی ئافرەت کە سەر بەدەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیە، کارمەندانی ئاسایش بەشێوەیەکی نەشیاو و بەبێ ئەوەی پێویست بکات پشکنیویانە.

وردەکاری ئەو ڕووداوە کە لە مانگی شەشدا بووە هێشتا ڕوون نیە، لە کارخانەی ناوەکی ناتانزیش چەند جارێک ئەم حاڵەتانە ڕوویانداوە، لە مانگی چواردا تەقینەوەیەک لەو کارخانەیەدا ڕوویدا و هێڵەکانی کارەبا پچڕان، لەلای خۆشیەوە ئێران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد کە بەهۆیەوە ئامێرە سەرەکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم زیانیان بەرکەوت.

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەم مانگانەی دواییدا، لە کارخانەیەکی ئێران چەند ڕووداوێک هەبوون کە پەیوەست بوون بە پشکنینی پشکنەرەکانی دەزگاکەوە لەلایەن کارمەندانی ئاسایشەوە."

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە بە نهێنی مامەڵە لەگەڵ وردەکاری ڕووداوەکاندا دەکات، ئاماژەی بە ڕەگەزی پشکنەرەکە و کاتی ڕوودانی حاڵەتەکەی نەدا.

دەزگاکە وتیشی " دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا باسی ئەم کێشەیەی کردووە و بەڕوون و ئاشکرا پێی ڕاگەیاندوون کە ئەم حاڵەتانەی بەهۆی پشکنینەکانی ئاسایشەوە ڕوودەدەن جێی قبوڵکردن نیە و نابێت دووبارە ببێتەوە."

باڵیۆزی ئێران لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کازم غەریبابادی وتی " ڕێوشوێنەکانی ئاسایش لە کارخانە ناوەکییەکانی ئێران توندکراونەتەوە، پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وردە وردە لەگەڵ یاسا و ڕێکارە نوێیەکاندا خۆیان دەگونجێنن."

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نیە کێشە هەبێت لەنێوان ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە چوونە ناوەوە بۆ ناتانز و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پشکنەرە ئافرەتەکاندا.

لە ساڵی 2019 دا ئێران بۆ یەکەمین جار دەستیگرت بەسەر بەڵگەنامەکانی گەشتکردنی پشکنەرێکی ئافرەتدا، دواتر تاران وتی گومانی ئەوەیان هەبووە پشکنەرە ئافرەتەکە " شتی گوماناوی " پێبووبێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا وتی " پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشی ئێرانەوە لە کارخانە ناوەکیەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە. هەراسانکردنی پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەدڵنیاییەوە جێی قبوڵکردن نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG