Accessibility links

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نیگەرانە سەبارەت بە " کەمبوونەوەی بایەخدان " بە پرسی ئەتۆمی ئێران


ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نیگەرانە سەبارەت بە کەمبوونەوەی بایەخدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە ئێران لەسەر پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

لێدوانەکانی ڕافایل گرۆسی سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، دوابەدوای کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دێت، کە مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی نێوانییانی ڕاگەیاند.

هەفتەی ڕابردوو دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە، ئاماژە بەوە دەدات ئێران " هیچ بەرەوپێشچوونێکی " نەکردووە لە چەندین پرسی گرنگی ئەتۆمیدا.

ئەو پرسانەش بریتین لە دووبارە دانانەوەی کامێرا چاودێرییەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە کارگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا، کە تاران لایبردبوون، یاخود ڕوونکردنەوە لەسەر بوونی گەردی یۆرانیۆمێکی پیتێندراو لە کارخانەکانیدا کە بۆ ئاستی پلەیەکی نزیک لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە پیتێندراوە.

گرۆسی وتی تێبینی " کەمبوونەوەی بایەخدانی " وڵاتانی ئەندامی کردووە لە دەزگاکەدا، بەڵام ئاماژەی بە ناوی وڵاتەکان نەدا.

گرۆسی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمەڵێک بە ڕۆتینکردن ڕوودەدەن لەوێ ' لە ئێران '، منیش نیگەرانم لەوە، چونکە پرسەکان لەمڕۆشدا بە هەمان شێوەی پێشوو هەر ڕەوان. "

سەرچاوە دیبلۆماتییەکان دەڵێن ئەمەریکا و گروپێک کە بە E3 ناسراوە و هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا لە خۆدەگرێت، لەم هەفتەیەدا هیچ پلانێکییان نیە بۆ سانسۆر خستنەسەر ئێران لەسەر نەبوونی هیچ هاریکارییەکی لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا.

سەرچاوەیەک بە فرانس پرێسی وت، لەبری ئەوە، لەسەر ئامۆژگاری واشنتن، ڕاگەیاندنێکی هاوبەش بە کۆبوونەوەکەی دەستەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنن، کە پێشبینی دەکرێت پشتگیری دەستەکە بە دەستبهێنێت.

مانگی ڕابردوو ئێران وتی گەیشتووە بە ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا، کە تێیدا پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی زیندانیکراو لە تاران ئازاد دەکرێن و لە بەرامبەریشدا چەندین ئێرانی لە ئەمەریکا ئازاد دەکرێن.

گرۆسی وتی " ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە پڕۆسەیەکی دوولایەنەی لەو جۆرە هەیە. لەلایەن ئەمەریکاوە ئاگادارکراوینەتەوە لەو بارەیەوە. بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر بەشە ئەتۆمییەکە، ڕوون نییە چی شتێک تاوتوێ کراوە."

وتیشی " پرسێکی زۆری گرنگ هەن لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا بەڵام پێم وایە گرنگە بەردەوام بین لە پشتگیریکردنی کارەکانی دەزگاکە."
لە ساڵی 2015 دا زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێراندا ڕێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆ کرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە، سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کەم دەکرێنەوە و لە بەرامبەریشدا ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار دەکات. بەڵام لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. تارانیش لە بەرامبەردا دەستیکرد بە پشتگوێ خستنی بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا.

تاوەکو ئێستاش هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە هیچ بەرهەمێکییان نەبووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG