Accessibility links

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت ئێران بە تەواوەتی ڕوون نییە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی


بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی
بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی

بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی هۆشداریدا و وتی ئێران " بە تەواوەتی ڕوون نیە " سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە تایبەتی دوای ئەوەی بەرپرسێکی ئێران کە پێشتر ڕابەرایەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دەکرد وتی کۆماری ئیسلامی سەرجەم پارچەکانی چەکی ئەتۆمی " لە دەستماندایە."

گرۆسی لە لوتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دوبەی باسی لە لێدوانەکانی ئەمدواییانەی عەلی ئەکبەر ساڵحی کرد. وتی " کەڵەکەبوونی ئاڵۆزییەکان هەیە " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوەندی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە.

ئێران دوای شکستی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان هەوڵیداوە یۆرانیۆم چەند پلەیەک کەمتر لە پلەی دروستکردنی چەک بپیتێنێت. تاران ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێندراو کۆکردووەتەوە کە بەس بێت بۆ دروستکردنی چەند چەکێکی ئەتۆمی ئەگەر بیەوێت. بەڵام دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا و ئەوانی دیکە دەڵێن ئێران هێشتا دەستی بە بەرنامەیەکی چەک نەکردووە. لە مێژە باوەڕوایە ئیسڕائیل بەرنامەی چەکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی هەبێت.

گرۆسی وتی " لە ڕووی چالاکییە ئەتۆمییەکانییەوە، ئێران ڕووخسارێک پیشان دەدات کە بە تەواوەتی ڕوون نیە. بێگومان ئەمە مەترسییەکان زیاتر دەکات. تا دێت زیاتر و زیاتر باس لە چەکی ئەتۆمی دەکرێت، لەمدواییانەشدا ئێرانیش باسی کردووە. بەرپرسێکی زۆر باڵا وتی لە ڕاستیدا هەموو شتێکمان هەیە، هەموو پارچەکانی. باشە تکایە پێمان بڵێ چیتان هەیە."

ئێران کە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی واژۆ کردووە، بەڵێنیداوە ڕێگە بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بدات سەردانی کارخانە ئەتۆمییەکانی بکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە. تاران ڕازیش بوو دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی پشکنینی زیاتر لە کارخانەکانیدا ئەنجام بدات، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دا.

گرۆسی ئاماژەی بەوە نەدا ئەو بەرپرسە ئێرانییە کێ بووە کە ئەو لێدوانەی داوە. بەڵام ڕۆژی یەکشەممە لە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئێراندا ساڵحی وتی وڵاتەکە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکێک هەیەتی.

ساڵحی وتی " هەموو پارچەکانی زانست و تەکنەلۆجیای ئەتۆمیمان هەیە. با نموونەیەکتان بدەمێ، ئوتومبێل چی دەوێت؟ پێویستی بە پەیکەرەکەیەتی، پێویستی بە بزوێنەرێکە، پێویستی بە سوکانە، پێویستی بە گێڕە. ئایا بۆکسی گێڕەکەت دروست کردووە؟ دەڵێم بەڵێ، ئەی بزوێنەر؟ بەڵام هەر یەکێکیان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێندرێن."

ڕۆژی شەممە ساڵحی وتی " لە دەستماندایە."

لە ساڵی 2022 ەوە، بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا باسییان لە شتێک کردووە کە هەمیشە ڕەتییان کردووەتەوە، لە کاتێکدا کە یۆرانیۆمییان بۆ نزیکترین پلە لە پلەی دروستکردنی چەکەوە پیتاندووە: " کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی." کەمال خەرازی ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بە جەزیرەی وت تاران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە بەڵام نیازی نیە دروستی بکات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG