Accessibility links

هەنگاریا: سوید و فینلاند دەتوانن لە هەوڵەکانیاندا بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ " پشتمان پێببەستن "


سەرۆک ئەرکانی ڤیکتۆر ئوربانی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا دەڵێت پەرلەمانی وڵاتەکە لە کۆبوونەوەی پایزەی خۆیاندا تاوتوێی پەسەندکردنی داواکەی سوید و فینلاند دەکەن بۆ ئەندامێتییان لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک پڕۆژە یاسای پەیوەست بە یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرا.

گیرگیلی گولیاس لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند " فینلاند و سوید هاوپەیمانمانن و دەتوانن پشتمان پێببەستن."

جێی ئاماژەیە لە کۆی 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ تەنها هەنگاریا و تورکیا تاوەکو ئێستا داواکەی سوید و فینلەندایان بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند نەکردووە.

گولیاس لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی " ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵ پەرلەمان داواکەی ' سوید و فیندلاند ' پەسەند بکات. ئێمە هەمیشە وتوومانە پشتیوانی لە پەسەندکردنیان دەکەین."

حکومەتەکەی ئوربان لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا چەند پڕۆژە یاسایەکی پەیوەندیداری بەو بابەتەوە پێشنیار کرد، بەڵام پەرلەمانی وڵاتەکە کە پارتەکەی ئوربان زۆرینەیە تیایدا، هێشتا دانیشتنی لەسەر دوو پڕۆژە یاساکە نەکردووە تاوەکو گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG