Accessibility links

هەنگاریا: سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ڕووسیا زیانی زیاتر بە هەنگاریا دەگەیەنێت


سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان دەڵێت سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ڕووسیا کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیاش دەگرێتەوە، زیاتر زیان بە هەنگاریا دەگەیەنێت وەک لە ڕووسیا.

ئۆربان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا یەکگرتوویی یەکێتییەکەی خستۆتە مەترسییەوە و پەسەند کردنیشی شکستێکی مێژوویی دەبێت.

ڕۆژی چوارشەممە کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری سەپاندنی قورسترین سزای کرد بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا، بەڵام نیگەرانیی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە سەبارەت بە کاریگەریی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا کۆسپێکی لەبەردەم پەسەندکردنی پێشنیارەکەدا دروست کردووە.

ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا نیگەرانن سەبارەت بەوەی ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا کاتی تەواوییان ناداتێ تاوەکو خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێنن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دیبلۆماتکاران دەڵێن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 کات دراوە بە هەنگاریا و سلۆڤاکیا.

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا پیتەر سیارتۆ وتی هەنگاریا تەنها لە کاتێکدا ڕازی دەبێت کە سزاکان هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ وڵاتەکە لەڕێی بۆرییە نەوتەکەوە نەگرێتەوە.

ئۆربان دەڵێت قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا نرخەکانی سوتەمەنی بەرز دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و زیادبوونی نرخەکان.

هەنگاریا کە سەرۆک وەزیرەکەی پەیوەندییەکی نزیکتری هەیە لەگەڵ ڕووسیادا وەک لەوەی لەگەڵ هەندێک وڵاتی یەکێتییەکەدا هەیبێت، بەپێی دەزگای وزەی نێودەوڵەتی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە نیوەی نەوتە خاوەکەی و بەرهەمە نەوتیەکانی دیکەی لە ڕووسیاوە هاوردەکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG