Accessibility links

هەنگاریا داوای ستراتیژییەکی نوێی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ ئۆکرانیا، دەڵێت سزاکان شکستیان هێناوە


سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان
سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان دەڵێت یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێ هەیە بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، لەکاتێکدا سزاکان دژی مۆسکۆ سوودییان نەبووە.

ئۆربان لە وتارێکدا لە ڕۆمانیا وتی " ستراتیژییەکی نوێ پێویستە کە سەنگ بخاتە سەر گفتوگۆکانی ئاشتی و پێشنیارێکی باشی ئاشتی بکات... لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەیت جەنگەکە ببەیتەوە."

ئۆربان جەختیشی لەوە کردەوە کە هەنگاریای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، خۆی بەدوور دەگرێت لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

ئۆربان لە ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا بوو وڵاتەکەی نایەوێت پشتیوانی لە پێشنیارەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات بۆ قەدەغەکردن یاخود سنووردارکردنی هاوردەکردنی گازی ڕووسیا و دەڵێت ئەو هەنگاوە زیان بە ئابووری وڵاتەکەی دەگەیەنێت. ڕووسیا لە سەدا 80 ی گازی هەنگاریا دابین دەکات.

لە وتارەکەیدا ئۆربان وتی ستراتیژی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا لەسەر چوار پایە بونیادنراوە: ئۆکرانیا دەتوانێت بە چەکەکانی ناتۆوە دژی ڕووسیا جەنگەکە بباتەوە، سزاکان ڕووسیا لاواز دەکەن و سەرکردایەتییەکەی ناجێگیر دەکەن، سزاکان زیانی زیاتر بە ڕووسیا دەگەیەنن وەک لە ئەوروپا، جیهانیش ڕیز دەگرن بۆ پشتیوانیکردن لە ئەوروپا.

ئۆربان دەڵێت ئەم ستراتیژییە شکستی هێناوە، لەکاتێکدا حکومەتەکانی ئەوروپا " وەکو دۆمینە " دەکەون و نرخەکانی وزە بەرزبوونەتەوە، وتیشی ئێستا ستراتیژییەکی نوێ پێویستە.

ئۆربان بە لایەنگرانی وت " ئێمە لە ئوتومبێلێکداین کە هەر چوار تایەکەی پەنچەر بووە: بەتەواوەتی ئاشکرایە کە ناتوانیت جەنگەکە بەم شێوەیە ببەیتەوە."

وتیشی ئۆکرانیا هەرگیز ناتوانێت بەم شێوەیەیە جەنگەکە بباتەوە چونکە " سوپای ڕووسیا باڵادەستییەکی ناهاوسەنگی هەیە."

وتیشی هیچ بژاردەیەکی دیکە نیە جگە لە گفتوگۆی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

وتی " لەکاتێکدا ڕووسیا گرەنتی ئاسایشی دەوێت، ئەم جەنگە تەنها دەتوانرێت لەڕێی گفتوگۆی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکاوە کۆتایی پێبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG