ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سوپای ئیسڕائیلی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە غەزە تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوەدا لە مانگی پێنجدا و لە ماوەی یانزە ڕۆژەکەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا ئیسڕائیل کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە کە " دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ."
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دوای لێکۆڵینەوەکانی لە سێ هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل کە بوونە هۆی کوژرانی 62 هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا کرد و وتی " هیچ بەڵگەیەک نەبووە لەسەر بوونی ئامانجەکانی دوژمن لەو ناوچەیەدا کە ئەو هێرشانەی کراونەتەسەر."
ڕێکخراوەکە بە هەمان شێوە بزوتنەوەی حەماسیشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەڵدانی زیاتر لە 4000 ڕۆکێت و هاوەن بە ئاڕاستەی ئەو ناوچانەی ئیسڕائیل کە هاوڵاتیانی مەدەنی تێدا بوون. وتیشی " ئەو جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هێرشی بەبەمەست و دیارینەکراوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی."
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا زیاتر سەنگ خراوەتە سەر ڕەفتارەکانی ئیسڕائیل لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکاندا، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە مانگی هەشتدا ڕاپۆرتێکی جیا لەسەر ڕەفتارەکانی حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی فەڵەستینیەکان ئاشکرا دەکات.
بەڕێوبەری قەیران و ململانێکان لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ گێری سیمپسن وتی " هێزەکانی ئیسڕائیک کۆمەڵێک هێرشیان ئەنجامداوە کە بوونەتە هۆی لەناوبردنی سەرجەم خێزانەکان بەبێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیار و ئاشکرا لەو ناوچانەدا بوونیان هەبووبێت."
وتیشی ئیسڕائیل " سوور بووە لەسەر ئەوەی نەیویستووە هاریکاری لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بکات." هاوکات لەگەڵ هەڵدانی ڕۆکێت لە غەزەوە بۆ ناوچە مەدەنییەکانی ئیسڕائیل، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر هەردوولا لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە گرنگی خۆی هەبوو.
جێی ئاماژەیە لە 10 ی مانگی پێنجدا حەماس ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆکێتی ئاڕاستەی ئۆرشەلیم کرد وەکو پشتیوانیەک لە خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی دژی ڕێوشوێنەکانی ئیسڕائیل لە مزگەوتی ئەل ئەقسا، لە ماوەی ململانێکاندا حەماس زیاتر لە 4000 ڕۆکێت و هاوەنی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە، لەکاتێکدا ئیسڕائیل وتی زیاتر لە 1000 ئامانجی گروپە چەکدارییەکانی ناو غەزەی پێکاوە.
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەزە لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکاندا نزیکەی 254 کەس لە غەزە کوژراون، لانی کەم 67 منداڵ و 39 ئافرەتیان تێدا بووە. لەلای خۆشیەوە حەماس کوژرانی 80 چەکداری پشتڕاست کردەوە، لەکاتێکدا ئیسڕائیل وتی ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە. هاوکات 12 هاوڵاتی مەدەنی لە ئیسڕائیل کوژراون، دوو منداڵ و دوو سەربازییان تێدا بووە.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس