Accessibility links

ڕێکخراوی HRW: هێرشکردنە سەر شوێنە کەلتوریـیەکانی ئێران تاوانی جەنگە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت ئەو هەڕەشە ئاشکرایەی سەرۆکی ئەمەریکا لە ئێرانی کردووە بەوەی لەشکری ئەمەریکا لە شوێنان دەدات کە بۆ کەلتوری ئێران زۆر گرنگن، ئەگەربێت و جێبەجێ بکرێت ئەوا دەبێتە تاوانی جەنگ.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت ئەندریا پـراسۆ بەڕێوەبەری ئۆفیسی HRW لە واشنتن بە وەکالەت گوتویەتی دەبێت سەرۆک ترامپ لەم هەڕەشەی پاشگەزببێتەوە و بە ڕوونی بڵێت مۆڵەت یان فەرمان بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ نادات وە هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەبێت جەخت بکاتەوە کە پابەندی یاساکانی جەنگ دەبێت و تەنیا فەرمانە لەشکریـیە یاسایـیەکان جێبەجی دەکات.

ڕێکخراوەکە دەڵێت یاساکانی جەنگ ڕێگە نادەن بە مەبەست هێرشبکرێتە سەر شوێنی سیڤیلی کە بۆ مەبەستی لەشکری بەکارناهێنرێن وە نابێت هیچ شوێنێکی گرنگی کەلتوری هیچ نەتەوەیەک بکرێتە ئامانج. دەڵێت مادەی 53 ی پـرۆتۆکۆلی یەکەمی ڕێکەوتننامەی جنێڤ بە تایبەتی هێرشی دژی شوێنی کەلتوری و ڕۆشنبیری قەدەغەکردووە. هەروەها یاسای جەنگی ئەمەریکایی ساڵی 2016 باس لە پاراستنی شوێنە کەلتوریـیەکان دەکات.

ڕێکخراوەکە هەروەها دەڵێت جگە لەوانە، ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ساڵی 1954ڕێکەوتننامەی لاهای بۆ پاراستنی کەلتوری لە حاڵەتی جەنگ مۆرکردووە کە ئەم جۆرە هێرشانە قەدەغەدەکات.

XS
SM
MD
LG