Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوای سزادانی حکومەتی سوریا دەکات


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch داوادەکات سزا بەسەر حکومەتی سوریا بسەپـێنرێت، ئەمەش لە پاش ئەو ڕاپـۆرتەی دوێنێ پـێنجشەممە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا حکومەتی ئەو وڵاتە تاوانباردەکات بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ هەینی گوتی پـێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەلە هەنگاو بنێت بۆ سزادانی ئەو کەس و دەزگایانەی دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی لە سوریا بە چەکی کیمیایی کراون، لەوانە هێرشەکەی سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵ، ئەوەی بە گازی سارین کرایە سەر شارۆچکەی خان شەیخون لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەسی سیڤیل و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.

ئۆلێ سولڤانگ جێگری بەڕێوەبەری بەشی باری نائاسایی ڕێکخراوەکە گوتی ئەوەی لە ڕاپـۆرتی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کۆتایی بە هەموو ئەو چەواشەکاری و لێکدانەوە هەڵەیانە دەهێنێت کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەکرێن.

گوتیشی دووبارەکردنەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن حکومەتی سوریاوە، مەترسیـیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر بڕیاری نێودەوەڵەتی لە بارەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG