Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین خەڵکی سیڤیل کوژراون


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت لە ئەنجامی ئەو لەشکرکێشیەی تورکیا بۆ سەر عەفرین کە لە 20 ی مانگی یەکەوە دەسـتیپـێکردووە خەڵکی سیڤیل کوژراون.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ هەینی ڕاپـۆرتەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر سێ هێرشی تورکیا کردووە کە لە ڕۆژانی 21 و 27 و 28 ی مانگی یەکدا کراونەتە سەر عەفرین.

دەڵێت بەپـێی لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ 7 شایەتحاڵ و بە پـیاداچوونەوە و شیکردنەوەی قوڵی وێنەکانی سەتەلایت بۆیان یەکلابووەتەوە تەنیا لەو سێ هێرشەدا بە لایەنی کەم 26 کەسی سیڤیل کوژراون کە 17 کەسیان منداڵ بوون. دەشڵێت لە نێویاندا ئەندامانی دوو خێزانی ئاوارە هەن.

لوما فەقیە جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکخراوەکە گوتویەتی " پـێدەچێت خەڵکی سیڤیل ڕووبەڕووی کوشتن و دەربەدەری ببنەوە بەهۆی شێوازی هێرشەکانی تورکیا. بۆیە دەبێت تورکیا هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویست بگرێتەبەر تاوەکو خەڵکی سیڤیل ڕووبەڕووی مەترسی یان کوشتن نەبنەوە."

پاشان گوتویەتی" ئەگەر تورکیا بە ڕاستی بە تەنگ ئەوەیە زیان بەر خەڵکی سیڤیل لە سوریا نەکەوێت، ئەوا دەبێت کاری زیاتر بکات، وەکو دەسـتپـێکردنی لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکانی بوونە مایەی کوژرانی کەسانی سیڤیل و پاشان ڕاپـۆرتی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ هەموو لایەک ئاشکرابکات."

ڕێکخراوەکە لە ڕاپـۆرتەکەی بەسەرهاتی چەند خێزانێکی سیڤیلی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە خێزانێکی جوتیار کە 11 کەسیان لێکوژراوە لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی تورکیا. گەورەی خێزانەکە گوتویەتی فڕۆکەکە 4 بۆمبی بۆ هەڵداون لە کاتێکدا هیچ شوێنێکی لەشکری یان چالاکیـیەکی لەشکری لە نزیک خێوەتەکانیان نەبووە. گوتوشیەتی لە کاتی بۆردومانەکە مەڕ و ماڵاتەکانیان لە دەرەوە بوون و منداڵەکانیان لە نزیکیانەوە یاریان دەکرد، بۆیە زۆر بە ڕوونی دیاربووە خەڵکی سیڤیلن.

تورکیا لای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە خەڵکی سیڤیل کرابێتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG