Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکامی مرۆڤ: گروپی سەر بە پەکەکە منداڵانیان کردووە بە چەکدار


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دوو گروپی چەکدار لە عێراق هەن کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردسـتانن، کوڕ و کچی منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵ دەکەن بە چەکداری خۆیان.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، نووسیویەتی هەردوو گروپی( هێزن پاراستنا گەل- هەپەگە) و (یەکینەیەن بەرخۆدانا شەنگال-یەپەشە)، منداڵی کورد و ئێزیدیـیان کردووە بە چەکداری خۆیان و هەندێـکیان شەڕیشیان پـێکردوون.

دەڵێت لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا، ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان سەردانی کەمپی ئاوارەکانی دەوروبەری دهۆک و ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی چیای شەنگال و شاری هەڵەبجەیان کردووە و چاوپـێـکەوتنیان لەگەڵ 58 کەس کردووە، لەوانە 13 کەسیان منداڵی تەمەن نێوان 14 ساڵ هەتا 17 ساڵن. هەورەها ژمارەیەکیان باوک و دایکی منداڵەکانن لەگەڵ بەڕێوەبەری کەمپەکان و مامۆستا و کارمەندانی ڕێکخراوە خۆجێـی و نێودەوڵەتیـیە ناحکومیـیەکان و کاربەدەسـتان لە حکومەتی هەرێمی کوردسـتان.

ڕێکخراوەکە دەڵێت 29 حاڵەتیان تۆمارکردووە، لەوانە دوو حاڵەتیان منداڵەکان هەوڵیان دابوو وازبهێنن، بەڵام گروپەکان نەیانهێشتووە و زۆر ئازاریان داون.

ڕێکخراوەکە داوە لەو دوو گروپە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات کۆتایی بەم پـێشێلکردنی مافی منداڵان بهێنن و چیتر منداڵ نەکەنە چەکدار، بەڵکو وازیان لێبهێنن خوێندنی خۆیان تەواو بکەن. ڕوونیشی دەکاتەوە کردنی منداڵانی خوار تەمەن 15 بە چەکدار، تاوانە تەنانەت ئەگەر بە خواستی منداڵەکەش بێت.

هەروەها ڕێکخراوەکە ڕەخنەشی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردسـتانیش گرتووە، دەڵێت خێزانی ئەو منداڵانە سزادەدەن و حاڵەتیش هەن ئازاری منداڵەکانیشیان داوە.

دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان منداڵانیان دەسـتگیرکردووە کە گومانیان لێکردوون چووبنە ناو پەکەکەوە. دەشڵێت کوڕێـکی 15 ساڵ لە خانەسوور کە چووەتە ناو یەپەشە، کاتێـک ویستوویەتی سەردانی کەسوکاری بکات لە کەمپی ئاوارە ئێزدیـیەکان، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گیراوە و لێی دراوە و بۆ ماوەی 5 ڕۆژ دەسـتگیرکراوە و پاشان هەڕەشەیان لێکردووە ئەگەربێت و کەمپەکە جێبهێڵێت، ئەوا کەسوکاری دەسـتگیردەکەن.

ڕێکخراوەکە داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات وەها لەگەڵ ئەو منداڵانە مامەڵە بکات کە قوربانین، نەک وەکو تاوانکارێـک، ئەمەش بەپـێی بنەما نێودەوڵەتیـیەکانی تایبەتن بە چەکدارکردنی منداڵان. هەروەها خێزانی ئەو منداڵانەش سزا نەدەن کە گومانیان لێدەکەن منداڵەکانیان بووبن بە چەکداری ئەو گرووپانە، ئەمەش بەپـێی بنەماکانی ڕێکەوتنی پاریسی ساڵی 1997.

XS
SM
MD
LG