Accessibility links

ڕێکخراوی HRW : هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان توندتیژیـیان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێناوە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان توندوتیژیـیان بەکارهێناوە لە بەرامبەر خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز، ئەوانەی داوای موچەکانی خۆیان دەکەن.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی یەکشەممە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەقی ڕاپـۆرتەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە. دەڵێت لە میانەی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی لە کۆتایی مانگی سێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، هێزەکانی ئاسایش بە لایەنی کەم 84 خۆپـیشاندەر و 4 ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە وە زۆربەیان تەنیا لەبەر ئەوەی خۆپـیشاندانیان کردبوو.

ڕاپـۆرتەکە ئامادەکراوە لەسەر بنچینەی وتووێژ لەگەڵ گەواهیدەران و ژمارەیەک لەوانەی دەسـتگیرکرابوون و هەروەها ئەو ڤیدیۆ و وێنانەشی لە میانەی خۆپـیشاندانەکاندا گیرابوون.

دەڵێت 12 لە گەواهیدەران گوتویانە هێزەکانی ئاسایش لە کاتی هەوڵی دەسـتگیرکردنی خۆپـیشاندەران لە شارەکانی ئاکرێ و دهۆک و هەولێر لە زۆر کەسیان دابوو. هەروەها ڕێکخراوەکە ڕاپـۆرتیشی پـێگەیشتووە کە لە ناوچەکانی دیکەش خەڵک دەسـتگیرکراون، لەوانە شیلادزە و سۆران و زاخۆ.

هیومان ڕایتس ۆوچ دەشڵێت هێزەکانی ئاسایش هێزی نایاسایـیان بەکارهێنابوو بۆ ناچارکردنی هەندێک لە خۆپـیشاندەران و ڕۆژنامەوانان تاوەکو مۆبایلەکانیان بۆ بکەنەوە و پاشان پاسۆردی فەیسبوکەکانیان بدەنێ. هەروەها هەندێکیان ناچارکراون کاغەزێک واژوبکەن کە تیایدا بەڵێن بدەن چیتر بەشداری لە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی نایاسایی ناکەن. ڕۆژنامەوانێک داوای لێکرابوو واژوی بکات کە چیتر وێنەی خۆپـیشاندانەکان ناگرێت، بەڵام ڕۆژنامەوانەکە داواکەی ڕەتیکردووەتەوە.

پاشان دەڵێت هێزەکانی ئاسایش دەبێت پارێزگاری لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە بکەن هەرچەندە پـێدەچێت ڕێکخەرانی ناڕەزایـیەکان هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتیان نەدابێت بەپـێی یاسای خۆجێی، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش دەکات لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017 لە سلێمانیش هێزەکانی ئاسایشی توندوتیژیان بەرامبەر خۆپـیشاندەران بەکارهێنابوو و خۆپـیشاندەر و ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردبوو بۆ ماوەی درێژ بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاڕاستەبکەن و هەروەها داوایان لە هەندێک کردبوو بەڵێن بدەن چیتر بەشداری ناڕەزایـیەکان ناکەن، ئەمەش وەک مەرجێک بۆ ئازادکردنیان.

لوما فەقیه جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ڕێکخراوەکە دەڵێت"پـێدەچێت ئەو تەکتیکە توندانەی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەکاریان دەهێنن لە بەرامبەر خۆپـیشاندانە ئاشتیخوازانەکان ئامانج لێـیان بێ دەنگکردنی ناڕەزایـیەکانە کە هەرچەندە بە فەرمی ئیدیعای ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە دەکرێت. هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ ناچارکردنی خەڵکی لەوەی دەسـتبەرداری مافە سەرەتایـیەکانیان بن کە ئەویش ناڕەزایی دەربڕینە، نیشانەی سەرکوتکاریـیە."

پاشان گوتویەتی" مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە شێویەکی ئاشتیـیانە ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر قەیرانی ئابوری دەرببڕن. نابێت حکومەت وەڵامدانەوەی هەبێت بە سنووردارکردنی ناڕەزایـیەکان و کاری ڕۆژنامەگەری و هەڕەشە و لێدان و دەسـتگیرکردنی بەبێ پاساو و پـشکنینی نایاسایی ئەو خۆپـیشاندەرانەی داوای موچەی ڕەوای خۆیان دەکەن."

XS
SM
MD
LG