Accessibility links

ڕێکخراوی HRW نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە دووبارە دادگاییکردنەوەی ئەوانەی پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان سیستمی دادوەری هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەو مێرمنداڵە عەرەبە سوونانەی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندا بوون، ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، ئەمەش بەهۆی مەترسی دووبارە دادگاییکردنەوەیان.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە لەسەر ماڵپەڕەکەی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لە ئێستادا ئەم بارودۆخە کاریگەری بەسەر 24 مێرمنداڵ هەیە کە بەپـێی یاساکانی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان سزادرابوون و ئازادکراون.

دەشڵێت پـێشبینی دەکات لەم زووانە بە دەیان مێرمنداڵی دیکە و سەدان پـیاویش لە زیندانەکانی هەرێم ئازادبکرێن و دووچاری هەمان کێشە ببنەوە.

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت ''نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو سیستمی دادوەری‌ عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی دووبارە سزادانی دەستگیرکراوان بە هەمان تاوان. لە ئێستادا ئەم بارودۆخە زیاتر کاریگەری لەسەر ئەو مێردمنداڵانە هەیە که ماوەی‌ سزاکانیان کورت بوون، بەڵام لە کاتێکدا هەولێر لەسەروبەندی ئازادکردنی ئەو پیاوانەیە کە ماوەی سزاکانیان تەواوکردووە، ئەمانیش ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە.''

ڕێکخراوەکە ئاماژە بە جیاوازی نێوان سیستمی دادوەری هەرێم و بەغدا دەکات و دەڵێت ماوەی سزادان بە تاوانی تێرۆر لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر کورتترە بە بەراورد بە دادگاکانی حکومەتی عێراق.

هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپـۆرتەکەی دەشڵێت لە 18 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2018 ، دکتۆر دیندار زێباری لێپرسراوی فەرمانگەی داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی نیگەرانیەکانی هیومان ڕایتس ۆوچی سەبارەت بە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دوو سیستمە دادوەریەکەدا داوەتەوە و گوتویەتی لە شەش حاڵەتی گواستنەوەی زیندانیان لە بەندیخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندیخانەکانی عێراق هەماهەنگی کراوە. بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە‌ کە هەتا چەند سیستیمی دادوەری هەردوولا زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن دەربارەی سزادان یان بێتاوانکردنی دەستگیرکراوان یان چ بەڵگەنامەیەک دەدرێ بە ئازادکراوەکان لە کاتی ئازادکردنیان.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش دەکات لە 12 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2018 نووسراوێکیشی ئاڕاستەی محەمەد تاهیر ئەلمولهم، بەڕێوەبەری مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووەو هەمان نیگەرانی وروژاند، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکمان پێنەگەیشتووە.

لەما فەقیە دەڵێت ''دەبێت بەغداد و هەولێر چارەسەرێک بدۆزنەوە کە ناوەرۆکەکەی ڕەچاوکردنی ژیان و گوزەرانی ئەم منداڵانە بێت، وە دەبێت لەگەڵ ئازادکردنیان بتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵ و خێزان و قوتابخانەکانیان و تێکەڵ ببنەوە بە کۆمەڵگا لە زووترین کاتدا.''

XS
SM
MD
LG