Accessibility links

دەقی ڕاپـۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە عێراق


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە، تیایدا باسی لەو پـێشێلکاریـیانە کردووە کە لە ساڵی 2021 بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کراون لە دەیان وڵاتی جیهاندا، لەوانە عێراق و لە نێویدا هەرێمی کوردستان.

ئەمەش دەقی ڕاپـۆرتەکەیە سەبارەت بە عێراق:

"لە ساڵی ٢٠٢١، حکومەت شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو کەسانەی کە بەرپرسیاربوون لە ڕەشبگیری و بێسەرشوێنکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە گروپە سیاسی و چەکدارەکان دەگرت.

هێشتا سیستەمی دادوەری عێراق گیرۆدەیە بە ئەشکەنجەدانی بەربڵاو و ناچارکردنی زیندانیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ. سەرەڕای پێشێلکاری یاسایی گەورە لەکاتی دادگایکردنەکاندا، بەرپرسان لانی کەم ٩١ سزای لە سێدارەدانیان جێبەجێکردووە.

هیچ دەستگیرکراوێکی داعش بە تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جەنگ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید حکوم نەدراوە. لە مانگی مارس، پەرلەمانی عێراق هەستا بە تێپەڕاندنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی یەزیدی کە تاوانەکانی داعش لەدژی کەمایەتیەکانی ژنانی وەک یەزیدی و تورکمان و مەسیحی و شەبەک بە جینۆساید و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەناسێنێت، بەڵام هەنگاوێکی پراکتیکی زۆر کەم نراوە لە جێبەجێکردنی یاساکە.

لە هێرشێکی چاونەترسانە و بێشەرمانەدا لە ٧ی تشرینی دووەم، چەکدارانی نەناسراو لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانیاندا لە ماڵەکەیدا، بەڵام هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریەکانی دژی ڕەخنەگران

لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان و حەشدی شەعبی کە گوایە لەژێرکۆنترۆڵی سەرۆک وەزیراندایە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، لانی کەم ٥٦٠ خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنیەکان لە بە‌غدا و شارەکانی باشووری عێراق کوژران. لە مایسی ٢٠٢٠، کاتێک مستەفا کازمی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمیتەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران دروستکرد. هەتا مانگی ئەیلولی ٢٠٢١، ئەو کۆمیتەیە هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی ڕانەگەیاندووە.

لە تەمووزی ٢٠٢٠، حکومەت ڕایگەیاند کە قەرەبووی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکاتەوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. هەتا مانگی ئەیلولی ٢٠٢١، خێزانی شەش چالاکوانی کوژراو کە لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچەوە پەیوەندیان پێوەکرا هیچ قەرەبویەکیان وەرنەگرتبوو. لە شوباتی ٢٠٢١، حکومەت دەستگیرکردنی ئەندامانی "گروپێکی تیرۆرکردنی" ڕاگەیاند کە گوایە بەرپرسیاربوون لە کوشتنی لانی کەم لە سێ چالاکوان لە شاری بەسرەی باشوری عێراق. لە مانگی تەمووز، بەرپرسانی بەغدا ڕایانگەیاند کە هەستاون بە دەستگیرکردنی سێ ئەفسەری پلەنزمی هێزە ئەمنیەکان کە تێوەگلابوون لە پێشێلکاریەکانی دژی خۆپیشاندەران، لەگەڵ پیاوێک کە گوایە بەرپرسیاربووە لە کوشتنی توێژەری سیاسی هیشام هاشمی لە ساڵی ٢٠٢٠.

لە ڕاپۆرتێکی یۆنامی کە لە مانگی مایسدا بڵاوکرایەووە هاتبوو هیچ یەکێک لەو چەندین دەستگیرکردنەی ئەنجامدرابوو پەیوەست بە هەڵمەتی کوشتنەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە زیاتر تێپەڕینەکردووە. تا کۆتایی مانگی ئەیلول، هیچ حوکم و سزایەک بۆ هیچ کام لە دەستگیرکراوەکان دەرنەچووبوو.

ئەشکەنجەدان و پێشێلکاریەکانی دادگای عادیلانە و سزای لە سێدارەدان

لە مانگی ئاب، یۆنامی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەووە لە سەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە ٢٠٠ دەستگیرکراو کە زیاد لە نیوەیان ووتبوویان کە ئەشکەنجە دراون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە بەرپرسان ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە دەدەن لەپێناو ناچارکردنی زیندانیان بە دانپێدانان، ئەم دەرەئەنجامە هاوتایە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس ۆوچ لەسەر ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی لە عێراق.

دادگایکردنی بەرگریکارانی تۆمەتبار بە یاسایی تیرۆری عێراقی بەزۆری بۆ ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لەناو داعش بەگشتی پەلەیان تێداکراوە و بەبێ بەشداربوونی قوربانیان بووە. بەشێوەیەکی سەرەکی حکومدان لەسەر بنەمای دانپێدانان بووە بەوانەشەوە کە بە زۆرەملێ کراوون. بەرپرسان بەشێوەیەکی سیستماتیکی پێشێلی مافە یاساییەکانی گومانلێکراوانیان کردووە؛ بۆ نموونە لە یاسای عێراقیدا هاتووە دەبێت دەستگیرکراو لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ببرێتە بەردەم دادوەر و پارێزەری هەبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەکان و ئاگادارکردنەوەی کاسوکاریان و ڕيگەدان بەسەردانکردنیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە.

لە یاسایی سزادانی عێراقیدا هاتووە بەرپرسان دەتوانن منداڵی گومانلێکراوی تا تەمەن ٩ ساڵ لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەغداو تا تەمەن ١١ ساڵ لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی تیرۆر سزا بدەن. ئەمەش پێشێلکاری ستاندەردە نێودەوڵەتیەکانە کە دەڵێ ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە چەکدار دەکرێن و بەکاردەهێنرێن دەبێت وەک قوربانی هەژمار بکرێن و چارەسەربکرێن و بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگا و هەروەها داوا دەکەن کە ڕێوشوێنی سزای یاسای دژی خوار تەمەن ١٤ ساڵ نەگیرێتەبەر.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی داد لەمانگی ئەیلول، بەرپرسان نزیکەی ٥٠ هەزار کەسیان بە تۆمەتی گومانی تیرۆر دەستگیرکردووە کە زیاد لە نیوەیان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، لانی کەم لە ١٩ سزای لەسێدارەدان تا مانگی ئەیلول جێبەجێکراوە. لە نێو ئەوانەی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە زیندانی کراون ٧٠٠ کەسی بێگانەو ٩٠٠ منداڵ هەیە، بەڵام منداڵان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرناکرێ.

زۆرێک لە بەرگریکاران دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناویان لە لیستەکانی داواکراواندا هەبووە کە گومان لە ڕاستی و دروستیان دەکرێ یان لەبەرئەوەی ناوی ئەندامانی خێزانەکانیان لەناو لیستەکاندا هەبووە.

بەپێی لێدوانی ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٨وە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێردراوە تەنها لە هەندێک ''حاڵەتی کەمدا نەبێت کە زۆر بە پێویست دەزانرێت.''

تاوانەکانی داعش لەدژی هاووڵاتیانی یەزیدی

سەرەڕایی هەڵمەتێکی سیستماتیکی دەستدرێژی سێکسی و بە کۆیلەکردنی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێی ژنان و کچانی یەزیدی، داواکاران و دەسەڵاتداران هیچ گومانلێکراوێکی داعشیان بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارو دادگایی نەکردوە کە سزاکەی تا ١٥ ساڵ زیندانیە تەنانەت بۆ ئەو کەیسانەش کە دەستگیرکراوان دانیانناوە بەوەی کە یەزیدیەکانیان وەک کۆیلەی سێکسی بەکارهێناوە. لەبری ئەوە، دادوەرە عێراقیەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی هەستان بە دادگایکردنی گومانلێکراوان تەنها لەسەر بنەمای تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعش. هیچ دەستگیرکراوێکی داعش بە تۆمەتی تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جەنگ و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید سزا نەدراوە سەرەڕای ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لەدژی یەزیدیەکان لەلایەن داعش.

لە ١ی مارسی ٢٠٢١، پەرلەمانی عێراق یاسای ژنانی ڕزگاربووی یەزیدی تێپەڕاند کە تاوانەکانی داعش وەک ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و سکپڕکردن و منداڵ لەباربردن لە دژی ژنان و کچانی یەزیدی و تورکمان و شەبەک و مەسیحی وەک جینۆساید و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی دەناسێنێ. یاساکە باس لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا دەکات لەگەڵ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم جۆرە لە داهاتوودا. لە ئەیلولی ٢٠٢١، پەرلەمان ڕێکاری پێویستی تێپەڕاند بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵام تا مانگی تشرینی دووەم بەرەوپێشچونێکی زۆر کەم لە جێبەجێکردنی یاساکە کرابوو.

سزادانی بە کۆمەڵ

لە مارسی ٢٠٢٠، حکومەت هەستا بە ئەنجامدانی پلانێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانی عێراق لەسەر بنەمای ڕێوشوێنێکی تێروتەسەل و گونجاو بۆ هاوکاریکردنی کێشەی درێژخایەنی ئاوارەبوون لە عێراقدا. بەڵام، لە نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ و کانوونی دووەمی ٢٠٢١، حکومەت هەستا بە داخستنی ١٦ کامپی ئاوارە بەبێ دابینکردنی هیچ دڵنیاییەک بۆ لانی کەم لە ٣٤،٨٠١ کەس لە دابینکردنی شوێنی مانەوەو گەڕانەوە بۆ شوێنەکانیان بەسەلامەتی و دابینکردنی خزمەتگوزاری. زۆرێک لە دانیشتوانی کامپەکان خێزانی بێ باوک بوون کە بەهۆی شەڕی داعش و سوپای عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ ئاوارە بوون و زۆرێک لەم خێزانانە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش هەژمار دەکرێن.

تەنها سێ کامپ لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی بە‌غدا بە کراوەیی ماوەتەوە کە دوانیان لە پارێزگای نەینەواو یەکێکیان لە پارێزگای ئەنبارە.

لە مانگی تەمووز، سوپای عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی هەستا بە دەرکردن و گواستنەوەی ٩١ خێزانی گوندێکی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ یەکێک لە کامپەکانی پارێزگای نەینەوا بەهۆی کێشەی خێزانی لەگەڵ وەزیرێکی حکومەت.

لە ٢٠٢١، هێزە ئەمنیەکان بەردەوام بوون لە بێبەشکردنی هەزاران خێزانی عێراقی -- کە دەسەڵاتداران بەنزیک لە داعش ناویان دەبەن عادەتەن لەسەر بنەمای ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان پەیوەندی بە داعش کردوە -- لە پێدانی ئەستۆپاکی ئەمنی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەو بەڵگەنامە یاساییە گرنگەکانی تر. ئەمەش بووەتە هۆی بێبەشکردنیان لە ئازادی هاتوچۆو مافی خوێندن و کارو وەرگرتنی سودە کۆمەڵایەتیەکان و بڕوانامەی لەدایک بوون و مردن کە پێویستن بۆ وەرگرتنی میرات و شوکردنەوە.

دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە ڕێگریکردن لە هەزاران منداڵی بێناسنامە لە چوونە قوتابخانەکانی دەوڵەت بەوانەشەوە کە لەناو کامپەکاندا بوون.

حکومەت ڕێگەی بە چەند خێزانێک دا لە بەدەست هێنانی ئەستۆپاکی ئەمنی بەمەرجێک ئەگەر داوایەکی یاساییان پێشکەشکردایە لە بەڵێندان لە بێبەریکردنی هەر ئەندامی خێزانێکیان یان کەس و کاریان کە گومانی لێدەکرێ پەیوەندی بە داعش کردبێ. لەپاش ئەمە، دادگا نوسراوێکیان دەداتێ بۆ هێزە ئەمنیەکان تا بتوانن ئەستۆپاکی ئەمنی وەرگرن.

لانی کەم لە ٣٠ هەزار عێراقی کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە ووڵات هەڵهاتوون، بە هەندێک لەوانەشەوە کە لەگەڵ داعش ڕۆیشتبوون لەکاتی پاشەکشەیان لە عێراق، لە ناو و دەوروبەری کامپی هۆل لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستبەسەرن. لە مانگی مایس، حکومەتی عێراقی هەستا بە گەڕاندنەوەی ٩٥ خێزانی عێراقی کامپی هۆل و لانی کەم ٢٠ خێزانی تر لە مانگی ئەیلول. دەسەڵاتداران هەستاون بە ڕێگریکردن لە هەندێکیان لە چوونەدەرەوە لە کامپەکان و وەرگرتنەوەی مۆبایلەکانیان و گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هەزاران عەرەب لە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان لە ناحیەی ڕەبیعەو حەمدانیە کە هێزەکانی ئەم ناوچانەی کۆنترۆڵکرد لە پاش وەدەرنانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، بەڵام ڕێگەیاندا بە گەڕانەوەی گوندنشینە کوردەکان بۆ هەندێک لەم ناوچانە.

هەڵبژاردن

لە ١٠ی تشرینی یەکەم، عێراقیەکان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ کە ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان ٪٣٦ بوو. رەوتەکەی ڕێبەری ناوداری شیعە؛ موقتەدا سەدر توانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بباتەوە لە هەڵبژاردنێکی ئاشتیانەدا.

کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت

عێراق شکستی هێنا لە دابینکردنی مافە سیاسیەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەت مافی دەنگدان. زۆرجار کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مافی دەنگدان بێبەشکراون بە هۆی دۆخی خراپی ناو بنکەکانی دەنگدان و توانای نەگەیشتن بە بنکەکانی دەنگدان یان ڕێگریکردن لە خۆهەڵبژاردن بەهۆی ئەو یاسایانەی کە جیاکاری لەدژی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن و "توانای جەستەی تەواو" دەکەنە مەرج یان بەربەستی یاسایی و سیاسی وەک مەرجی هەبوونی بڕوانامەی خوێندن کە بەدەستهێنانی ئەستەمە بۆ زۆرێک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لە ساڵی ٢٠١٩، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ووتی عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی جیهان کە زۆرترین کەمئەندامی هەیە بەهۆی دەیان ساڵی جەنگ و تووندوتیژی بە شەڕی داعشیشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧.

دادگایکردنی ڕەخنەگران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە ٢٠٢١، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر سێ ڕۆژنامەنووس و دوو چالاکوان لە پرۆسەیەکدا کە پێشێلکاری جدی دادگایکردنی عادیلانەی تێدابوو لەگەڵ دەست تێوەردانی سیاسی لە ئاستی باڵادا. دادگا هەستا بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکاران لە ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ و ووتی بەڵگەی پێویستیان نیە. ڕۆژنامەنوسێکی تر سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایلەکەیی و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلول. چوار چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی تر لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکران و هەتا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ چاوەڕوانی ئەوە بوون تۆمەتی دەستگیرکردنەکانیان ئاراستە بکرێت.

مافەکانی ژنان، شووناسی جێندەری، خۆاستی سێکسی و یاساکانی ڕەوشت

سەرەڕایی ئەوەی یاسای سزادانی عێراقی لێدانی جەستەیی بە تاوان لەقەڵەم دەدا، ماددەی ٤١ (١) ڕێگە بە مێرد دەدات کە "سزای" ژنەکەی بدات یان دایک و باوک دیسیپلنی منداڵەکانیان بکەن "بەشێوەیەکی سنوردار کە لە یاسا یان نەریتدا هاتووە." لە ئامارێکی یونیسێفدا هاتووە کە لە ٪٨٠ ی منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. هەروەها یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانی کەم دەکاتەوە بۆ کارە توندوتیژیەکانی وەک کوشتن "بەهۆی شەرەف" و یان گرتنی ژن یان کچێکی ناسیاو لەکاتی سێکسکردن لەدەرەوەی هاوسەرگیری.

یاسای لەم جۆرە کە جیاکاری تێدایە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکاتەوە. ڕاپۆرت لەبارەی چەندین کەیسی توندوتیژی خێزانی بە کوشتنی ژنان و کچانیشەوە لەلایەن مێردەکانیان و خێزانەکانیانەوە لەسەرتاسەری ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا.

لە ساڵی ٢٠١٩وە هەوڵە پەرلەمانیەکان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەک لەدژی تووندوتیژی خێزانی لە پەرلەماندا چەقی بەستووە. کۆپی ٢٠١٩ی یاساکە کە لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچەوە بینرا بڕگەی تێدابوو باسی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی دەکرد لەگەڵ فەرمانی دادوەری بۆ ڕێگری کاتی لە کەسی دەستدرێژیکار لە نزیک بوونەوە یان پەیوەندیکردن بە قوربانیەکەوەو سزادانیان لەکاتی پێشێلکردنی یاساکەدا، هەروەها دامەزراندنی کۆمیتەیەک لە وەزارەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی. لە پرۆژە یاساکەدا هەندێک بۆشایی و بڕگە هەیە کە لە کاریگەری جێبەجێکردنی یاساکە کەم دەکاتەوە وەک ئەولەویەتدان بە ئاشتکردنەوە لەبری پارێزگاری و دادپەروەری بۆ قوربانیەکە.

لە ٢٠٢١، هێزە ئەمنیەکانی عێراق هەستان بە دەستگیرکردنی کوێرانەی هاوڕەگەزخوازان، دووڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕەکان تەنها لەسەر بنەمای ڕەگەزو ڕوخساریان لەگەڵ ئەنجامدانی مامەڵەی خراپ لەگەڵیان وەک ئەشکەنجە و لێدان و پشکنینی بەزۆرەملێی کۆم و تووندوتیژی سێکسی لەکاتی بەندکردنیان. هەروەها هێزە ئەمنیەکان هەستان بە هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکی ئەم کەسانە لە بازگەکاندا. هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دۆکیومێنتاری کرد لەسەر کەیسی چاودێری دیجیتاڵی سۆشیال میدیاو ئاپی چاوپێکەوتنی ئەم کەسانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە. حکومەت شکستی هێنا لە لێپرسینەوە لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان کە هەستاون بە ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەم کەسانە لە عێراق.

ماددەی ٣٩٤ی یاسای سزادانی عێراقی سێکسکردن لەدەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری بە نایاسایی لەقەڵەم دەدات کە ئەمەش پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی خەڵکە و بەزۆری زیان بەم کەسانەو ژنان دەگەیەنێ چونکە سکپڕبوون وەک بەڵگە بۆ پێشێلکردنی یاساکە بەکاردەهێنرێ. بەپێی ئەم یاسایە، ئەو ژنانەی داوا لەدژی دەستدرێژی سێکسی بۆسەریان پێشکەش دەکەن خۆیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکەنەوە. یاسای سزادانی عێراقی بەڕوونی ڕێگری ناکات لە پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی، بەڵام ماددەی ٤٠١ی یاسای سزادانی عێراقی دەڵێ دەبێت لێپرسینەوەی یاسایی لە هەرکەسێک بکرێت کە لە شوێنی گشتیدا"کاری بەدڕەوشتی" دەکات و سزاکەی تا شەش مانگ زیندانی بێت.

ئەکتەرە سەرەکیە نێودەوڵەتیەکان

لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدرانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا . پاش دوو ڕۆژ، پەرلەمانتارانی عێراق هەستان بە تێپەڕاندنی بڕیارێک کە وابەستەی یاسایی نیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێشڕەوی ئەمریکا. لە ناوەڕاستی ٢٠٢١، سەرۆک بایدن ووتی تا کۆتایی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکەکەیان لە عێراق دێنن ، بەڵام بەردەوام دەبن لە دابینکردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیەکان.

لە ساڵی ٢٠٢١، هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە کردنە ئامانجی ئەندامانی پژاک و پەکەکە لە باکوری عێراق و لە هەندێک حاڵەتدا ئەم هێرشانە بوونە هۆی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی. هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادار نیە لە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هێرشی نایاسایی لە باکوری عێراق یان قەرەبووکردنەوەی قوربانیان.

لە ٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان هەستا بە دروستکردنی تیمێکی لێکۆڵەر، یونیتاد، بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانە گەورەکانی داعش لە عێراق. بەڕەچاوکردنی کێشەو هەڵەی قوڵ لە سیستمی دادگایکردنی گومانلێکراوانی داعش و بەردەوامی نیگەرانیەکان لەسەر سیستمی دادگایکردنی عادیلانە لە ووڵات، ڕوون نیە تا چەند ئەم تیمە توانیویەتی هاوکاری سیستمی دادوەری عێراق بکات لە بنیادنانی کەیسەکان کە هاوتابن لەگەڵ ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان."

XS
SM
MD
LG