Accessibility links

دیندار زێباری وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە


سەبارەت بەو پێشلکارییانەی کراون لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 ، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند بەشێکی ڕاپۆرتەکە و زانینی وەڵامی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژی کردووە لەگەڵ دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە ڕاشکاوی باس لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دەکات کە سزای زیندانی سەپاندووە بەسەر 3 ڕۆژنامەوان و 2 چالاکوان. دەڵێت " لە ساڵی ٢٠٢١، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای 6 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر 3 ڕۆژنامەنووس و 2 چالاکوان لە پرۆسەیەکدا کە پێشێلکاری جدی دادگاییکردنی عادیلانەی تێدابوو لەگەڵ دەستتێوەردانی سیاسی لە ئاستی باڵادا."

سەبارەت بەم ڕەخنەیە دیندار زێباری دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک ئەمە ڕاست نییە و هیچ بنەمایەکی نییە، حکومەتی هەرێم یاسا و حوکمڕانی خۆی هەیە." دەشڵێت "هیچ کاربەدەستێکی سیاسی بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان کەس دەستگیر بکات، نە فەرمان دەربکات و نە بە کەیفی خۆی یاسا بەسەر هەر کەسێکدا بسەپێنێت، ئەمە ئەرکی دادگاکانە."

هاوکات هەر سەبارەت بەو پرسە، دیندار زێباری دەڵێت "ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە گشتاندن بکرێت، ئەگەر کەیسێک یان کەموکورتییەک لە شوێنێک هەبێت نابێت هەرێم بە شێوەیەکی گشتی وەها پیشانبدرێت کە ئەمە ڕەوشی گشتیە."

هەر لەو پرسەدا لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ هاتووە کە "دادگا هەستاوە بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکاران لە ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ و وتی بەڵگەی پێویستیان نییە."

هەرچەند دیندار زێباری لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە بە ئەشکەنجەدان نادات." بەڵام دەشڵێت "من ناتوانم بڵێم پرۆسەی مافەکانی مرۆڤ هەموو شتێک بە تەواوەتی سپییە یان بە تەواوەتی ڕەشە." هەروەها دەشڵێت "تەنها دۆسێکانی ئیمە دۆسێی ڕۆژنامەنووسێک نییە یان کەیسێکی دادگا نییە. دادگا ئازاد و سەربەخۆیە لە کوردستان، دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسانەدا بکات، ئێمە چەندین کەیسی گەورەتر و بابەتی زۆر مەترسیدارترمان هەیە لە ئێستادا."

هاوکات سەبارەت بە پـرسێکی دیکە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە، پرسی گەڕانەوەی ئاوارە و عەرەبەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان. ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هەزاران عەرەب لە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان لە ناحیەی ڕەبیعە و حەمدانیە کە هێزەکانی ئەم ناوچانەی کۆنترۆڵکرد لە پاش وەدەرنانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، بەڵام ڕێگەیان دا بە گەڕانەوەی گوندنشینە کوردەکان بۆ هەندێک لەم ناوچانە."

بەڵام ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم دکتۆر دیندار زێباری دەڵێت "بە تەواوەتی ئەمە ڕەتدەکەمەوە، ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەین کە لە هەرێمی کوردستاندان. بەڵام بە شێوەیەکی خۆبەخشانە نەوەک بە زۆرەملێ."

دیندار زێباری باس لە کۆمەڵێک پرس و دۆسێی گرنگیش دەکات کە حکومەتی هەرێم سەنگی خستونەتە سەر و کاری ڕژدیان لەسەر دەکات، وەک پرسی مەترسییەکانی گەڕانەوەی داعش لە هەندێک ناوچەی جێناکۆک و نزیک لە سنوورەکانی هەرێم و ماددە هۆشبەرەکان و ئاوارەکان لە هەرێمەکەدا.

شایەنی باسە چاندین جارە دۆسیی مافەکانی مرۆڤ و پرسی پێشلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە خراونەتەڕوو و داتا و زانیارییەکانیش بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هەتا ئەم سەروەختە حکومەتی هەرێم نکۆڵی لە زۆرێک لەو پێشێلکاریانە دەکات و بە فەرمی وەڵامی ئەو ڕێکخراوانەی داوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:17:17 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG