Accessibility links

حوثییەکانی یەمەن: سعودیە و ئیماڕات دەبنە ئامانجی موشەکەکانمان ئەگەر ئاگربەستەکەی حودەیدە نەمێنێت


عەبدولمەلیک بەدرەدین حوثی

ڕابەری حوثییەکانی یەمەن عەبدولمەلیک بەدرەدین حوثی وتی هێزەکانی موشەکیان هەیە دەگاتە ڕیاز و دوبەی و ئەبوزەبی ئەگەر توندوتیژییەکان لە شاری حودەیدەی یەمەن زیاد ببن کە لەوێ ڕێکەوتنێکی ئاگربەست هەیە.

چوار ساڵە جەنگ بەرۆکی یەمەنی گرتووە و حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسوڕ بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لەدژی حوثییەکانی یەمەن دەجەنگن.

حوثی بە کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوثییەکانی وت " موشەکەکانمان لەتوانایاندا هەیە بگەنە ڕیاز و دواتر بۆ دوبەی و ئەبوزەبی."

وتیشی " ئامانجی ستراتیژی و هەستیار و کاریگەرمان هەیە کە دەکرێت بپێکرێن لەکاتێکدا ئەگەر توندوتیژییەکان لە حودەیدە زیاد بوون." وتیشی لەتواناماندا هەیە ئابووری ئیماڕات بە توندی بلەرزێنین."

حوثییەکان هەندێک جار موشەک ئاڕاستەی باشووری سعودیە دەکەن و لە هەندێک حاڵەتدا ئاڕاستەی ڕیازی یاخود دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ دەکەن، بەڵام سوپای سعودیە توانیویەتی بەرپەرچی زۆرێک لەو موشەکانە بداتەوە.

شاری حودەیدەی یەمەن خاڵی سەرەکی هاتنە ناوەوەی زۆربەی یارمەتیە مرۆیی و کەلوپەلە بازرگانییەکانە بۆ ناو یەمەن و ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات ڕێکەوتنێک لەو شارەدا جێبەجێ بکات کە لە مانگی دوانزەدا هەردوولایەنی جەنگی یەمەن واژۆیان کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات هەردوولا ڕازیبکات هێزەکانیان لە حودەیدە بکشێننەوە بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە ئێستادا وەستاوە و هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن لەسەر بەرەو پێشنەچوونی بارودۆخەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG