Accessibility links

حوثییەکانی یەمەن کەشتییەک لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج


بەرپرسان دەڵێن ڕۆژی هەینی حوثییەکانی یەمەن کەشتییەکی تانکەرییان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج، بەڵام کارمەندانی سەر کەشتییەکە زیانییان پێنەگەیشتووە. ئەمەش نوێترین هێرشی حوثییەکانە دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا و وەکو خۆیان دەڵێن دەرخستنی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان دژی ئیسڕائیل.

ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی سوپای بەڕیتانیا سەرەتا باسی لەوە کرد کەشتییەکە لە دەرەوەی بەندەری شاری حودەیدەی یەمەن " بە موشەکێک لێیدراوە "، بەڵام دواتر وتی پشکنین بۆ کەشتییەکە کراوە و هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.

وتیشی کارمەندانی کەشتییەکە " پارێزراون " و کەشتییەکە بەردەوامە.

کۆمپانیای تایبەتی ئاسایشی ئامبری باسی لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی کرد و وتی کەشتییەکی تانکەر کە پاسەوانی چەکداری لەسەر بووە لە کەنداوی عەدەن لە دەرەوەی کەناری یەمەن هێرشی کراوەتە سەر بەڵام " هێرشەکە بەرینەکەوتووە." وتی کەشتییەکە سەر بە ئیسڕائیل بووە بەڵام لە مانگی دوودا خاوەنەکانی کەشتییەکە گۆڕاون.

حوثییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و وتی کەشتییەکە ئاڵای پەنامای بەسەرەوە بووە و ناوی پاسێفیک 01 ە و خاوەنەکەی ڤیێتنامییە. ئەو کەشتییە پێشتر سەر بە کۆمپانیای بازرگانی ئیستێرن پاسێفیک بووە کە بنکەکەی لە سینگاپوورە، کەشتییەکە پێشتر چەندین جار لەلایەن حوثییەکانەوە کراوەتە ئامانج. کۆمپانیاکە لەلایەن ملیاردێری ئیسڕائیلی ئیدان ئۆفەرەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

حوثییەکان بانگەشەی ئەوەشییان کرد کەشتیەکی جەنگی تێکشکێنەری ئەمەریکاییشییان کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ وردەکارییەکییان نەدا. کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا بەردەوام بوونەتە ئامانجی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوثییەکان.

لە مانگی یانزەوە حوثییەکان دەستییان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، دەڵێن دەیانەوێت ئیسڕائیل ناچار بکەن هێرشەکەی لە غەززە بوەستێنێت.

بەڵام ئەو کەشتییانەی کە کراونەتە ئامانج، زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکییان بە ئیسڕائیل، ئەمەریکا یاخود ئەو وڵاتانەی دیکەوە نەبووە کە پەیوەندییان بە جەنگەکەوە هەیە. حوثییەکان موشەکیشییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە، بەڵام زۆربەی موشەکەکانییان کورتییان هێناوە یاخود بەرپەرچدراونەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG