Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن زیاتر لە 100 دیل ئازاد دەکەن


حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان دەکات، زیاتر لە 100 دیلیان لە سەنعای پایتەخت ئازاد کرد و دەڵێن ئەو هەنگاوە " دەستپێشخەرییەکی مرۆیی تاکلایەنە " بووە بۆ لێخۆشبوون لە زیندانییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خێزانەکانییان.

بەڕێوبەری کۆمیتەی کاروباری زیندانییەکانی حوسییەکان عەبدولقادر ئەل مورتەزا وتی " زۆربەی دۆسییەکان مرۆیی بوون، نەخۆش بوون، بریندار بوون و بەساڵاچوو بوون." وتیشی زیندانییەکان سەربازانی حکومەتی یەمەن بوون کە لە ماوەی شەڕەکەدا دەستگیرکرابوون.

بەڵام حکومەتەکەی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە وتی زیندانییەکان سەرباز نەبوون، بەڵکو هاووڵاتی سڤیل بوون کە حوسییەکان لە ماڵ و مزگەوت و شوێنەکانی کارکردنییاندا ڕفاندبوویانن.

جێگری وەزیری مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتەکەی یەمەن ماجید فەزائیل وتی " ئازادکردنی ئەم قوربانییانە لە ژێر هەر ناوێکدا بێت حوسییەکان لەم تاوانە بێبەری ناکات."

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ڕۆژی یەکشەممە ئازادکردنی 113 کەسی پەیوەست بە " ململانێکەوە " پشتڕاست کردەوە و وتی یارمەتی زیندانییەکانی داوە تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئازادکردنییان مرۆیی و بە شکۆوە بێت.

یەکێک لەو زیندانییانەی کە ڕۆژی یەکشەممە ئازاد کرا وتی " بە تەواوەتی ئیسراحەتم کرد، وەکو ئەوەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە دایک بووبێتمەوە. چونکە ئێمە نائومێد بووین و واماندەزانی کە هەرگیز نایەینە دەرەوە."

لە دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2014 دا حوسییەکان کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەنییان کرد و حکومەتی یەمەنییان دوورخستەوە، وڵاتەکە کەوتووەتە ململانێیەکی توندەوە. سعودیە لە ساڵی 2015 دا سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازیی کرد بۆ گەڕاندنەوەی حکومەتەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG