Accessibility links

حیزبوڵا دەڵێت بەمزووانە بەنزین لە ئێرانەوە دەگاتە لوبنان


ڕابەری حیزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕەڵا
ڕابەری حیزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕەڵا

ڕابەری حیزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕەڵا وتی کۆمەڵێک کەشتی بە بەنزینی ئێرانیەوە بەمزووانە بەڕێدەکەون بۆ لوبنان بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی بەنزین لە وڵاتەکەدا.

نەسڕەڵا جەختی لەوەش کردەوە حیزبوڵا هەوڵی ئەوە نادات بەنزین بکڕێت تاوەکو ببێتە جێگرەوەی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا یەکەمین کەشتی بەڕێکەوتووە بەرەو لوبنان و دووەم کەشتیش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەڕێدەکەوێت و کەشتیەکانی دیکەش بەدوایدا دێن.

نەسڕەڵا لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی وتی " ئێمە جێگرەوەی دەوڵەت نین، هەروەها جێگرەوەی ئەو کۆمپانیایانەش نین کە بەنزین هاوردە دەکەن." ئەوەش بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر چۆنێتی هاتنە ناوەوەی ئەو کەشتیانە بۆ لوبنان.

ڕکابەرەکانی حیزبوڵا هۆشیاریانداوە لەو هەنگاوە و دەڵێن لەوانەیە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر وڵاتەکەدا کە ماوەی دوو ساڵە ئابوورییەکەی لە ڕووخاندایە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە نرخی بەنزین لە لوبنان لە سەدا 70 زیادیکرد، بەمەش قورساییە داراییەکانی سەر خەڵکەکەی زیادکرد.

کەمی سوتەمەنی لە لوبنان کار و دامەزراوە حکومییەکانی ناچارکردووە کارەکانیان ڕابگرن، هەروەها بەهۆی پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی کارەباوە، نەخۆشخانەکان هەڕەشەی داخستن دەکەن.

حیزبوڵا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانە و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە، هێزێکی سیاسیی سەرەکیە لە لوبنان و ئەمەریکاش سزای بەسەر ڕابەرەکانیدا سەپاندووە.

نەسڕەڵا وتی " هەتاوەکو لوبنان پێویستی بێت ئێمە بەردەوام دەبین لەم پڕۆسەیە، ئامانج لەمە یارمەتیدانی سەرجەم لوبنانیەکانە، نەک تەنها لایەنگرانی حیزبوڵا و شیعەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG