Accessibility links

ڕابەری حیزبوڵا: ' هیچ کەس ناتوانێت ' گاز و نەوت لە ناوچە ئاوییەکان دەربکات ئەگەر لوبنان نەتوانێت ئەوە بکات


ڕابەری حیزبوڵای لوبنان سەعید حەسەن نەسڕەڵا

ڕابەری حیزبوڵای لوبنان هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کە " هیچ کەس " ڕێگەی پێنادرێت لە کێڵگەکانی گاز و نەوت لە ناوچە ئاوییەکان کاربکات ئەگەر لوبنان ڕێگەی لێبگیرێت و " مافی " ئەوەی لێبسەندرێتەوە گاز لەو ناوچانە دەربکات کە دەکەونە کەناراوەکانی لوبنان خۆیەوە.

ڕابەری حیزبوڵای لوبنان سەعید حەسەن نەسڕەڵا لە وتارێکدا وتی " ئەگەر ئەو مافەمان نەدەیتێ کە وڵاتەکەمان داوای دەکات، ئەوا دەکرێت مێزەکە بەسەر هەموواندا هەڵبگێڕینەوە."

وتیشی " ئەگەر دەتەوێت بگەیت بە هاوکێشەیەک لەکاتێکدا ئەم وڵاتە قەدەغەکراوە لەسەری سوود لەم کێڵگانە وەربگرێت، ئەوا هیچ کەس ڕێگەی پێنادرێت گاز یاخود نەوت دەربکات و هیچ کەسیش ناتوانێت گاز یاخود نەوت بفرۆشێت."

لوبنان لە گفتوگۆیەکدایە لەگەڵ ئیسڕائیلدا کە ئەمەریکا نێوەندگری تێدا دەکات، گفتوگۆکانیش سەبارەت بە دەستنیشانکردنی سنووری ئاوی هاوبەشی نێوان دوو وڵاتەکەیە، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی ئەوەی سەرچاوەکانی گاز و نەوتەکە سەر بە چی وڵاتێکییانە.

ئیسڕائیل پێشتر دەستی بە کارەکانی کردووە لە کێڵگەی نەوتی کاریش، ئەوەش لەڕێی کەشتییەکەوە کە کۆمپانیای ئینێرجیان سەرپەرشتی دەکات، بنکەکەشی لە لەندەنە.

لە 2 ی مانگی حەوتدا حیزبوڵا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی کەشتییەکە کرد، بەڵام ئیسڕائیل بەرپەرچی دانەوە.

نەسڕەڵا وتی " ئەوە یەکەمین جارە " ئەو جۆرە هێرشە ئەنجام بدرێت و ئامانج لێی ئاگادارکردنەوەیەک بووە بۆ ئەو کرێکارانەی کە لە کەشتییەکەدا کاردەکەن، " ئەمە ناوچەیەکی پارێزراو نیە."

ئاماژەی بە هێرشی دیکەشدا، وتی گروپەکەی توانای سەربازیی لەسەر وشکانی و ئاسمان و دەریاشدا هەیە، وتیشی دەتوانێت لە دوورەوە " ژمارەیەکی زۆر " لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار ڕەوانە بکات.

نەسڕەڵا باسی لەوەش کرد لوبنان لە دوو مانگی داهاتوودا " دەرفەتێکی ئاڵتونی " لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی مافی سنوورە ئاوییەکانی پێش ئەوەی ئیسڕائیل کارەکانی لە کاریش تەواو بکات.

هەروەها داواشی لە بەرپرسانی لوبنان کرد سوود لە گروپەکەی وەربگرن و وتی حیزبوڵا " تەنها خاڵی بەهێزی " لوبنانە.

وتی " بەرخۆدان پێت دەڵێت کەڵکم لێ وەربگرە. سودم لێ وەربگرە... بە ئەمەریکییەکان بڵێن کە ئەم کوڕانە وەڵامی کەس نادەنەوە، ئەوان کۆنترۆڵ ناکرێن، هەرچییەکتان دەوێت بیڵێن. بیڵێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG