Accessibility links

بەرپرسێکی حیزبوڵا دەڵێت حیزبوڵا هیچ شتێک سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ڕوشدی نازانێت


سەلمان ڕوشدی
سەلمان ڕوشدی

ڕۆژی شەممە بەرپرسێکی گروپی چەکداری حیزبوڵای لوبنان وتی گروپەکە هیچ زانیارییەکی نیە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ڕۆماننووس سەلمان ڕوشدی.

بەرپرسەکە حیزبوڵا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت " ئێمە هیچ شتێک لەم بابەتە نازانین، لەبەر ئەوە لێدوان نادەین."

حیزبوڵا لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ڕابەری باڵای پێشووی ئێران ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی لە ساڵی 1988 دا فەتوایەکی دەرکرد و تیایدا داوای لە موسوڵمانان کرد ڕوشدی بکوژن.

ڕوشدی بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر، پۆلیس دەڵێت هێرشبەرەکە 24 ساڵە و ناوی هادی مەتەڕە لە نیوجێرسی. سەرۆکی شارەوانی شاری یارونی باشووری لوبنان عەلی تەهفی بە ڕۆیتەرزی وت مەتەڕ بە ڕەچەڵەک لوبنانییە و خێزانەکەی لە شارۆچکەی یارونی باشووری لوبنان بوون.

تەهفی وتی دایک و باوکی مەتەڕ کۆچییان بۆ ئەمەریکا کردووە و مەتەڕ لە ئەمەریکا لە دایک بووە و هەر لەوێش گەورە بووە.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا مەتەڕ یاخود دایک و باوکی پەیوەندییان بە حیزبوڵاوە هەبووە یاخود پشتیوانییان لەو گروپە کردووە، تەهفی وتی " هیچ زانیارییەکم نیە " لەسەر بۆچوونی سیاسیی مەتەڕ یاخود دایک و باوکی چونکە ئەوان لە دەرەوە ژیاون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG