Accessibility links

کاردارێکی لوبنانی بە تاوانی کۆمەککردنی دارایی حزبوڵڵا سزای 5 ساڵ زیندانی دەدرێت


دادگایەکی ئەمەریکا بڕیاری زیندانی 5 ساڵی بۆ کاردارێکی لوبنانی دەرکرد بە تاوانی فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمەریکا بەسەر حزبوڵڵای لوبنان و کۆمەککردنی دارایی ئەم ڕێکخراوە کە لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندایە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی پـێنجشەممە ڕایگەیاند دادگای واشنتنی پایتەخت بڕیاری داوە قاسم تاجەدین، تەمەن 63 ساڵ، 5 ساڵ زیندانی بکرێت و لەگەڵیدا سزایەکی دارایی بدرێت بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار.

وەزارەتەکە دەڵێت ناوبراو سەرپەرشتی تۆڕێک کارداری لە لوبنان و ئەفریکا کردووە کە بەپـێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەم تۆڕە سەرچاوەی دارایی بووە بۆ گروپی تێرۆرستی حزبوڵڵای لوبنان.

براین بێنچکۆڤسکی یاریدەدەری وەزارەتی داد گوتی ئەم سزایانەی بۆ قاسم تاجەدین دراون، تەنیا نمونەیەکی نوێـیە بۆ بەردەوامبوونی وەزارەتی داد لە هەوڵەکانی لە پـێناو پەکخستن و هەڵوەشاندنەوەی حزبوڵڵا و تۆڕەکانی پشتیوانی لێدەکەن.

جەسی لو داواکاری گشتی لە واشنتن گوتی ئەم حوکمەی ئەمڕۆ هەوڵەکانیان نیشان دەدات بۆ سزادانی ئەوانەی سزاکانی ئەمەریکا پـێشێلدەکەن و هەروەها پەیامێکە بۆ ئەوانەی سزاکان پـێشێلدەکەن کە دەدۆزرێنەوە و بەپـێی یاسا توندترین سزا دەدرێن.

جێی ئاماژەیە قاسم تاجەدین لە 12 ی مانگی سێی ساڵی 2017 لە مەغریب دەستگیرکرا و لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ئەمەریکایی ڕادەستی ئەمەریکا کرا.

XS
SM
MD
LG