Accessibility links

حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت هەتا سبەی شەممە ئاشکرای دەکات کێ بەرپـرسە لە کوشتنی فەرماندەکەی لە سوریا


جێگری ڕێبەری حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت هەتا ڕۆژی شەممە ئاشکرای دەکەن چۆن فەرماندەی هێزەکانیان لە سوریا کوژراوە و کێ لێی بەرپرسیارە.

نەعیم قاسم جێگری حەسەن نەسروڵڵا ئەمڕۆ هەینی لە باشوری بەیرووت لە مەراسیمی ناشتنی مستەفا بەدرەدین گوتی بەهۆی بوونی ئەگەرێکی زۆر، پەلە ناکەن لە دەسـتنیشانکردنی شێوازی تەقینەوەکە و کێ لە پشتەوەیەتی. گوتیشی ئەگەر لە چەند کاژمێری داهاتوو ئاشکرای نەکەن، ئەوا سبەی شەممە ڕایدەگەیەنن کێ لە پشت هێرشەکەوەیە.

حزبوڵڵا دەڵێت شەوی پـێنجشەممە تەقینەوەیەکی بەهێز لە بارەگایەکی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق لە سوریا ڕوویداوە و لە ئاکامدا مستەفا بەدرەدین کە گەورە فەرماندەی حزبوڵڵابوو لە سوریا کوژراوە و هەورەها چەند کەسێـکی دیکە برینداربوون.

ناوبراو تەمەنی 55 سـاڵ بوو و فەرماندەی هێزەکانی حزبوڵڵا بوو لە سوریا کە لە پاڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن. هەروەها ژن برای عیماد مغەنیـیە بوو کە ئەویش فەرماندەیەکی گەورەی حزبوڵڵا بوو و لە ساڵی 2008 لە دیمەشق بە تەقینەوەیەک کوژرا.

لەگەڵ ئەوانەش مستەفا بەدرەدین یەکێـک بوو لەو 5 تاوانبارەی کە دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە کەیسی کوشتنی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیری پـێشووی لوبنان داوای کردبوو ڕادەستی بکەن، بەڵام حزبوڵڵای لوبنان داواکەی ڕەتکردەوە. هەروەها یەکێـک بوو لە فەرماندە لەشکریـیەکانی حزبوڵڵا کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرابوو.

بەڵام ئەمڕۆ هەینی جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی گوتی هاوپەیمانێتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا هیچ هێرشێـکی ئاسمانی لەو ناوچەیەی نزیک دیمەشق ئەنجام نەداوە کە حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت مستەفا بەدرەدینی لێ کوژراوە.

XS
SM
MD
LG