Accessibility links

ڕێبەری حزبوڵڵا دەڵێت بوونەتە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکانەی بە وردی ئامانجەکانیان دەپـێکن


ڕێبەری حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت سەرەڕای هێرشە ئاسمانیـیەکانی ئیسرائیل لە سوریا، گروپەکەی توانیویەتی ببێتە خاوەن ئەو جۆرە موشەکانەی بە وردی ئامانجەکانیان دەپـێکن.

حەسەن نەسڕوڵڵا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ لایەنگرانی لە بەیرووت گوتی ئیسرائیل ئیدی چی بکات سوودی نیـیە، چونکە گروپەکەی وا بووەتە خاوە موشەکی ئامانج ورد و ناورد.

گوتیشی "ئەگەربێت و ئیسرائیل شەڕ لە دژی لوبنان هەڵبگیرسێنێت، ئەوا دووچاری دۆخێک دەبێت کە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان پـێشبینی نەکردبێت."

نەسڕوڵڵا لە بەشێکی وتارەکەی کە زیاتر لە یەک کاژمێر درێژەی کێشا، ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی " بە شەو ڕۆژ هەوڵی کوشتنی دەدات".

سەبارەت بە بوونی چەکدارانی گروپەکەی لە سوریا گوتی، بەپـێی ڕەوشەکە ژمارەی چەکدارانیان لەوێ زیاد و کەم دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە ئەوان لەوێ دەمێنەوە هەتا کاتێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە ئیسرائیل نیگەرانە لە بوونی حزبوڵڵا و ئێران لە سوریا، دەڵێت خاکی سوریا بووەتە شوێنێک بۆ گواستنەوەی توانا لەشکریـیەکانی ئێران بۆ حزبوڵڵا، بۆیە چەندان جار هێرشی ئاسمانی و موشەکی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی لە سوریا گومانیان لێدەکات.

ئیسرائیل مەزەندەدەکات حزبوڵڵا لە ئێستادا خاوەنی 100 بۆ 120 هەزار موشەکی کورت و مامناوەند بێت لەگەڵ سەدان موشەکی مەودا دور. دەڵێت بەهێزکردنی ئەم گروپە لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانجی هەڕەشەکردنە لە ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG