Accessibility links

دادگایەکی هەولێر بڕیاری 6 ساڵ زیندانی بۆ ژمارەیەک لە ڕاگیراوانی بادینان دەدات


ڕۆژی سێشەممە لە دادگای هەولێر بۆ جاری دووەم دانیشتنەکانی سەبارەت بە ڕاگیراوانی بادینان بەڕێوەچوو، لەو دانیشتنەی دادگادا بەپێی کەسوکاری ڕاگیراوان و سەرچاوەکان دادگا بڕیاری دا کە هەریەک لە چاڵاکوان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس کەرەم و شڤان سەعید و هاریوان عیسا بە 6 ساڵ زیندانی بکرێن، لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیان ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و چاڵاکوانان و پارێزەرانیش ئامادەبوون.

حاکم بەشدار وتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" هەر بڕیارێک لە دادگا بەراییەکان دەردەچێت وەکو لێکوڵینەوە و جینایات و دادگای کەتن ئەوە قابلی تانەلێدانە لە بەردەم دادگایەکی باڵاتر بۆ نموونە ئەگەر لە دادگای لێکۆڵینەوە بڕیارێک دەرچوو دەتوانێت لە دوو شوێن تانەی لێ بدەی لە بەردەم دادگای تاوان بە سیفەتی تەمیزی و لە بەردەم دادگای تەمیز بە سیفەتی سەرەکی".

هەروەها گوتیشی" بڕیار کە دەردەچێت لە ناو بڕیارەکە دەنووسرێت دەتوانێت تەمیز بکات هەروەها لایەنی سێیەمیش دەتوانێت تەمیزی بکات، ئەویش داواکاری گشتیە لەوانەیە داواکاری گشتی هەندێک جار داوا بکات تاوانباران ئازاد بکرێن ئەگەر ببینێت بەڵگەکان تەواو نییە، هەندێک تەمیزیش هەیە لە جینایاتە گەورەکانە ئەوانەی کە سزاکانیان دەگاتە سێدارەدان یان تا زیندانی هەتایی. دادگا ئەرکە لە سەر شانی فایلەکە رێکبخات و بینێرێت بۆ دادگای تەمیز بۆ ئەوەی سەیری بڕیارەکە بکات بۆیە بڕیاری دادگا بڕیاری قەتعی نییە دەبێت قۆناغەکانی تەعن و تەمیز لەبەردەم دادگاکانی باڵاتر ببڕێت".

لە لایەکی ترەوە هەرێم ڕەفعەت لە تیمی پارێزەرانی ئەو چاڵاکوانانەی بادینان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" لە دادگاییکردنەکە ئەو بەڵگانەی کە هەبوون خرانەڕوو ئێمەش وەک تیمی پارێزەران بە پێویستمان نەزانی بۆ سزادانیان و ئەو بەڵگانەشی کە خراونەتەڕوو هەموو لە چوارچێوەی گرووپی ماسنجەر خراونەتەڕوو بەڵام دادگاییکردنەکە بە ناوی گرووپی چەکدار دادگایی کردن کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنە و ئێمەش لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەمیزی ئەو بریارە دەکەینەوە، ئەگەر هاتوو ئەو تومەتخراوە پاڵانە هەر شتێکیان لە ماسنجەر ئەنجامدابێت دەبوو بە ماددەی ئتیسالات سزا بدرێن نەوەک بە ماددەی 1ی ساڵی 2003 "

سەبارەت بەو بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر لەمەڕ ڕاگیراوانی بادینان، وتەبێژی داواکاری گشتی دەڵێت" سەبارەت بەو کەیسە تەخویل نەکراوم هیچ لێدوانێک بدەم لەبەر ئەوە وتەبێژی فەرمین، ئەگەر سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کەی رەئیەکی هەبێت لەسەر کەیسێک ئێمە دەگوازینەوە بەڵام خەڵکی تر هەیە شارەزایە لە یاسا دەتوانێت شرۆڤەی ئەو بڕیارانە بکات کە دەرچووە".

بەپێی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کە سزا دراون بە هۆکاری ئەوەی کە هەوڵی تێکدان و سیخۆڕیان کردووە بەڵام کەسوکاری ئەو سزادراوانە ئەو تومەتانە رەتدەکەنەوە و پێیان وایە تەنها داوای مافی خۆیان و خەڵکیان بە گشتی کردووە.

جێی باسە دادگاییکردنی هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەروای و ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی هەر لە رۆژی یەکەمی دادگاییکردنەکەیان دواخرا و داواکرا کە پەڕاوەکانیان دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بەشی لێکۆلینەوەکان.

XS
SM
MD
LG