Accessibility links

سەرکردەیەکی پارتی لێدوانی جیاواز لە بارەی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر دەدات


ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوایە موشەک بارانەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر، لە دوو سەرچاوەوە بووە، سەرچاوەیەکیان فێڵ بووە و بۆ تەشویش دروست کردن بەکارهێنراوە، بەڵام سەرچاوەی دووەم شوێنی ئاراستەکردنی موشەکەکان بووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نوری حەمە عەلی فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، دەڵێت"گەر کاتیۆشاکان کە ئاڕاستەی هەولێر کران، کاتیۆشای 12 یی بن، ئەو جۆرە کاتیۆشایە زۆر بڕوات، 8 کیلۆمەتر دەڕوات، دوژمن چۆن دەتوانێت بێتە ناو هەولێرەوە، ناتوانن بێنە ناو هەولێرەوە."

جەختیشیکردەوە"گەر کاتیۆشا تەقێنەرەکان هاتبنە نزیکەوە و لە جەبهەکانەوە دزەیانکردبێت، کەواتە لەناو سوپای عێراقیەوە، هاتوونەتە سنورەکانی ئێمە، ئەگینا ئەو چەکانە لە کوردستان نافرۆشرێ و دروست ناکرێت، ڕوونە لە کوێوە هاتوون."

سەرکردەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەندێک گروپی نێو حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر تۆمەتبار کرد، ڕوونیکردەوە چەند گروپێکی نێو حەشدی شەعبی، کە دەزانن کێن و چین و کێ هەڵیاندەسوڕێنێت، دەبێت حکومەتی عێراق چاودێریان بکات، تا نەبنە کێشە بۆ خۆی و کێشەش بۆ ئەمنیەتی هەرێم دروست نەکەن، وتی"ئەوان هەموو ڕێگەکانیان بۆ کوشت و بڕکردنی میللەتی کورد گرتە بەر، نەیانتوانی چۆکمان دادەن، ئێستاش هیچیان پێ ناکرێ."

نوری حەمە عەلی، پێیوایە ئەو گروپەی هەولێریان موشەک بارانکردووە ڕاسپێردراون بۆ ئەو کارە و بەسەربەخۆ ئەنجامیان نەداوە، وتی"کەس سەربەخۆ شت ناکات، با لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ڕوونە ساروخەکان لەکوێوە و چۆن هاتوون."

هۆکاری بەئامانج کردنی هەولێر دەگێڕدرێتەوە بۆ هەماهەنگی کردنی تورکیا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بۆ ئەنجامدانی هێرش لە سنوری شەنگال، بەڵام نوری حەمە عەلی لەو بارەیەوە دەڵێت"وەزیری بەرگری تورکیا کە هاتە عێراق، سەرەتا چووە بەغدا، ئینجا گەڕایەوە بۆ هەولێر، پێشتر لەگەڵ عێراقدا قسەیکردووە، ئینجا پەکەکە هۆکاری ڕاکێشانی تورکیایە بۆ ناو هەرێم، پەکەکە با بیانوو نەدەن بەدەست تورکیایەوە، بچن لە سنوری خۆیان بەرگری بکەن."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، هۆکاری بە ئامانج کردنی هەولێری بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە ئەو گروپانە چاویان بە پێشکەوتن و ئارامی هەرێم هەڵنایە، بۆیە کار بۆ نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئارامی شاری هەولێر دەکەن، وتی"هەولێر ئارامە بۆ هاوپەیمانان، ئارامە بۆ هەموو ئاین و پێکهاتەکان، ئینجا پارتی و سەرۆک بارزانی پێداگیری لەسەر خواستەکانی کورد دەکەن، بۆیە ئەوان دەیانەوێت خەڵک بترسێنن و شڵەژان دروست بکەن."

موشەک بارانکردنی هەولێر، هەرچەندە لەڕووی سەربازیەوە بە دەست وەشاندنی گەورە دانانرێت و زیانی زۆریشی بەدواوە نەبوو، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە، بە دەستپێکی مەترسیدار و پەیامێکی جدی لەلایەن ئەو گروپانەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لێیدەڕوانرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:40 0:00


XS
SM
MD
LG