بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی نەیچەر ئەیجینگ بڵاو کراوەتەوە، بەکارهێنانی دەرمانی ڤیاگرا لەوانەیە یارمەتیدەبێت لە کەمکردنەوەی شیانی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر.
دەڵێن شیکردنەوەی داتاکانی کۆکراونەتەوە لەسەر زیاتر لە 7 ملیۆن پیاو لە ئەمەریکا، دەرکەوتووە ئەوانەی دەرمانی ڤیاگرایان خواردبوو بە ڕێژەی 69% ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر تیایاندا کەمی کردووە.
ڤیاگرا کە ناوە زانستیـیەکەی (سێڵدەنەفڵ Sildenafil) لە لایەن کۆمپانیای فایزەرەوە دروستکراوە و لە ساڵی 1998 وە لە لایەن دەزگا تەندروستیـیەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا مۆڵەتی بەکارهێنانی دراوە بۆ ئەو پـیاوانەی کێشەی سێکسیـیان هەیە.
هەروەها بەپـێی توێژینەوەیەکی دیکە کە لە 'جاما ئنتێرناڵ مێدیسێن' بڵاو کراوەتەوە، نەشتەرگەری ئاوی سپی چاویش لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر کەمبکاتەوە. توێژەرەوەکان دەڵێن ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت ئەوانەی ئەم نەشتەرگەریـیەیان بۆ دەکرێت دەتوانن بەردەوامبن لە چالاکییە جەستەیی و مێشکییەکانیان و دەرئەنجام کەمتر شیانی هەیە تووشی ئەلزەهایمەر ببن.
جێی ئاماژەیە هەتا ئێستا هیچ دەرمانێک دروستنەکراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر یان چارەسەری بکات، هەر بۆیە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە هەتا ئەندازەیەک دڵخۆشکەرن و جێگای هیوان. توێژەران دەڵێن ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانەش پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترن.