Accessibility links

نه‌خۆشی مه‌لاریا له‌ جیهاندا زیاد ده‌کات


هه‌مو ساڵێک له‌ جیهاندا نزیکه‌ی 250 ملیۆن که‌س دووچاری نه‌خۆشی مه‌لاریا ده‌بن. ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ ساڵی 2007دا ڕۆژی 25ی مانگی چواری ده‌ستنیشان کرد وه‌ک ڕۆژێک بۆ دانپیانان به‌و تواناییانه‌ی کار بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌که‌ن.

بوسه‌ینا خالید به‌رپرسی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌کان له ئۆفیسی عێراقی‌ ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ هێشتاش ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ ده‌یان وڵاتدا بوونی هه‌یه‌ و ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکیش ساڵانه‌ به‌هۆی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

ئه‌م ڕێکخراوی جیهانییه‌ وای مه‌زه‌نده‌ کردووه‌ ساڵانه‌ نزیکه‌ی 650 هه‌زار که‌س له‌ جیهاندا به‌ نه‌خۆشی مه‌لاریا ده‌مرن. سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبونه‌وه‌ی مه‌لاریا له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ک دکتۆر بوسه‌ینا باس ده‌کات هه‌نێک وڵات هه‌ن له‌ ناوچه‌که‌دا زیاتر له‌ سه‌دا شه‌ستی مه‌لاریای تێدایه‌.

له‌ ساڵی 2010 دا نزیکه‌ی دوو ملیۆن و سه‌د هه‌زار که‌س ئه‌م نه‌خۆشییه‌یان هه‌بووه پاش ئه‌وه‌ی تاقیکردنه‌وه پزشکییه‌کان پشتڕاستیان کردووه‌.

بۆ نمونه‌ ته‌نها له‌ وڵاتی سوداندا له‌سه‌دا 58 ی ئه‌و ژماره‌یه‌ هه‌بووه‌، له‌ پاکستان له‌سه‌دا 22 هه‌بووه‌، له‌ یه‌مه‌نیش له‌ سه‌دا 10 و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌فغانستان له‌ سه‌دا 6بووه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌کانی ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ عێراق له‌ ساڵی 2008وه‌ تا ئاماده‌ کردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌ هێچ که‌سێک دووچاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات بگوترێت شان به‌شانی شانشینی مه‌غرب و میرنشینه‌ یه‌کگرتووه‌کانی عه‌رب عێراقیش نه‌خۆشی مه‌لاریای تیا نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری نوێی نه‌خۆشی مه‌لاریا دکتۆر بوسه‌ینا‌ ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ چاره‌سه‌رییه‌ به‌ شێوه‌یه‌یکی دروست وه‌ربگیرێت به‌ڵام ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی جێی مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌که‌ وه‌ڵامی نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رییه‌که‌ ئه‌گه‌ر بێتو به‌ڕێگای دروست به‌کار نه‌هێنرا. بۆیه‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی نه‌خۆشه‌که‌ له‌ژێر به‌رنامه‌ی چاودێرییه‌کی ورددا بێت بۆ کاتێکی گونجاو.

شایانی باسه‌ له‌ سه‌دا 90 ی نه‌خۆشی مه‌لاریا له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئافریکا چڕ بۆته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG