Accessibility links

زەنگێکی مەترسیدار: بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا ڤاکسینی دژبە سورێژەیان وەرنەگرتووە


بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 22 ملیۆن منداڵی ساوا یەکەم کوتانی دژ بە سورێژەیان وەرنەگرتووە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند 22 ملیۆن گەورەترین ژمارە بووە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا و ئەم قۆناغە بە " دروستکردنی ڕەوشێکی مەترسیدار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە" دادەنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لە ساڵی 2020 ڕاپۆرتەکان لەسەر سورێژە %80 کەمی کردبوو، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ئەو ئامارە دروست نییە چونکە بەهۆی پەتای کۆڤید-19 وە چاودێریکردنی سورێژە زۆر کەمتربوو.

دکتۆر کەیت ئۆبراین بەڕێوەبەری بەشی کوتان، ڤاکسین و بایۆلۆژی لە ڕێکخراوەکە دەڵێت " بەڵگەکان وا نیشان دەدەن ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێمە ئارامی پێش گەردەلوولەکە ببینین لە کاتێکدا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەبێت لەسەرتاسەری جیهاندا."

گوتیشی " گرنگە وڵاتان بە زووترین کات دەست بە کوتانی دژ بە کۆڤید-19 بکەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەرچاوەی زیاتر هەیە تا لەسەر حیسابی بەرنامە کوتانە گرنگەکانی تر نەبێت. پێویستە کوتانە ڕۆتینەکانی تر بپارێزرێن و بەهێز بکرێن، ئەگەرنا، مەترسی گۆڕینەوەینەخۆشییەکی کوشندە بۆ یەکێکی ترمان هەیە."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت سورێژە لە 26 وڵاتدا " بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوبۆوە " و %84 ی هەموو ئەو حاڵەتانەش لە ساڵی 2020 بوو.

کێڤن کەین بەڕێوەبەری گشتی بەرنامەی کوتانی جیهانی لە نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان گوتی " دەبێت لە ئێستادا کار بکەین بۆ بەهێزکردنی سیستمی چاودێری کردنی نەخۆشییەکان بەر لەوەی بگەڕێینەوە بۆ پێشتر خراپتر بڵاو ببێتەوە."

سورێژە یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە بەڵام بە ڕێگای کوتان نزیکەی بە تەواوەتی ڕێگری لێ دەکرێت.

XS
SM
MD
LG