Accessibility links

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان حامید کارزای پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی خوێندکارە کچەکان دەردەخات


حامید کارزای

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان حامید کارزای داوای لە تاڵیبان کرد دووبارە خوێندنگاکانی ئامادەیی کچان بکاتەوە و دەستخۆشی لە خوێندکارە کچەکان کرد لەسەر خۆپیشاندانەکانیان لە هەرێمی پاکیتای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، کە دانیشتوانەکەی بە ئاشکرا خۆپیشاندان دژی داخستنی خوێندنگاکانی کچان ئەنجام دەدەن.

کارزای لە تویتەر نوسیویەتی " دەنگی خوێندکارە کچەکانی پاکیتا دەنگی هەموو کچەکانمان و ئەفغانستانە." جێی ئاماژەیە کارزای دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە هێشتا لەو وڵاتەدا ماوەتەوە.

گوتی " داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەری ئیسلامی دەکەین خوێندنگاکان بکاتەوە."

تاڵیبان بەڵێنیدا بوو خوێندنگاکانی ئامادەیی بە ڕووی خوێندکارانی کچاندا بکاتەوە، بەڵام لە مانگی سێدا لە ناکاو لەو بەڵێنانەی پاشگەز بۆوە.

بەرپرسانی پاکیتا لەم هەفتەیەدا گوتیان خوێندنگاکانی ئامادەیی کچان دووبارە کراونەتەوە، بەڵام کرانەوەی خوێندنگاکان هێشتا بە فەڕمی پەسەند نەکراوە.

ڕۆژی شەممە بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی پاکیتا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت هەر قسەیەک لەسەر ئەوەی گوایە خوێندنگاکان داخراون " پڕوپاگەندەیە."

بەڵام سێ هاوڵاتی پاکیتا و سێ بەرپرسی تاڵیبان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزییان گوت ڕۆژی شەممە خوێندنگاکان داخرابوون، هاوڵاتییەکان کە یەکێکیان مامۆستایە و داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی داخستنەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە کچەکان خۆپیشاندان بکەن.

بەرپرسانی خوێندنی تاڵیبان لە پاکیتا و کابوڵ لێدوانییان لەسەر بابەتەکە نەداوە. هەروەها وتەبێژی تاڵیبانیش لێدوانی نەداوە.

سەرچاوەکانی تاڵیبان کە داوایان کرد ناوییان ئاشکرا نەکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نین بە ئاشکرا قسە لەسەر بابەتەکە بکەن، گوتیان زۆرێک لە تاڵیبان دەیانەوێت کچان بتوانن بچن بۆ خوێندنگاکانی ئامادەیی.

تاڵیبان گوتوویەتی پلان دادەنێن بۆ کردنەوەی خوێندنگاکانی ئامادەیی کچان، بەڵام ئاماژەیان بە کاتێکی دیاریکراو نەداوە.

خوێندکارانی خوێندنگا سەرەتاییەکان بۆ کچان و زانکۆکانی کچان هێشتا دەتوانن بخوێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG