سەرکردەی سەربازیی حەماس محەمەد زەیف، کەسی دووهەمی حەماسە و یەکێکە لە پلان داڕێژەرەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل و کەسایەتییەکی نادیارە و بە دەگمەن قسە دەکات و هەرگیز بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، هەروەها لە لانیکەم حەوت هەوڵی ئیسڕائیلدا بۆ کوشتنی ڕزگاری بووە.
سوپای ئیسڕائیل دەڵێت ڕۆژی شەممە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر شاری خان یونسی غەززە محەمەد زەیف بووە. بەرپرسێکی ئاسایشیش وتی دیار نیە کە ئایا زەیف کوژراوە یان نا.
لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززەدا باوەڕوایە زەیف سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کردبێت لە تونێلەکان و شەقامەکانی پشتەوەی غەززەشەوە، ئەمەش لەگەڵ هاوەڵەکانیدا.
لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زەیف لە ناو حەماسدا بووە و پلەی بەرز بووەتەوە، زەیف پەرەی بە تۆڕی تونێلەکانی حەماس و دروستکردنی بۆمب داوە. چەندین دەیەیە زەیف یەکەم ناوە لە لیستی داواکراوانی ئیسڕائیلدا، هەروەها بەرپرسە لە کوژرانی دەیان ئیسڕائیلی لە تەقینەوە خۆکوژییەکاندا.
زەیف لەگەڵ دوو سەرکردەی دیکەی حەماسدا لە غەززە ئەنجومەنێکی سێ کەسیان دروستکردووە و پلانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی داڕشتووە، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و زیاتر لە 250 کەس بە بارمتە گیراون، هەروەها بە خوێناویترین هێرش دادەنرێت لە مێژووە 75 ساڵەکەی ئیسڕائیلدا.
دوای هێرشەکە، حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنی کوشتنی ئەو سێ پیاوەی دا: یەحیا سینواری سەرکردەی حەماس لە غەززە، محەمەد زەیفی سەرکردەی سەربازیی حەماس، مەڕوان عیسای جێگری زەیف، دەوترێت مەڕوان عیسا لە مانگی سێدا کوژراوە.
لە تۆمارێکی دەنگیدا دوای ئەوەی حەماس هەزاران ڕۆکێتی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد لە 7 ی مانگی 10 دا، زەیف هێرشەکەی بە " لافاوی ئەقسا " ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە تۆڵەکردنەوەیە لە هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا لە ئۆرشەلیم.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماسەوە وتی زەیف لە مانگی پێنجی ساڵی 2021 دا دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ هێرشەکە، ئەوەش دوای هێرشێک بۆ سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا کە سێیەمین پیرۆزترین شوێنی ئیسلامە و بووە هۆی توڕەبوونی جیهانی عەرەبی و موسوڵمانان.
سەرچاوەکە وتی " دوای ئەو دیمەنانە بوو کە ئیسڕائیل لە ماوەی ڕەمەزاندا هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا و لە نوێژخوێنانییان دەدا و هێرشییان دەکردە سەرییان و پیاوە بەساڵاچوو و گەنجەکانییان ڕادەکێشایە دەرەوەی مزگەوتەکە. ئەوەش توڕەییەکەی زیاتر کرد."
لەو کاتەدا ئیسڕائیل فەلەستینییەکانی تۆمەتبار دەکرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ خستنەوەی توندوتیژی لە ئۆرشەلیمدا. فەلەستینییەکانیش ئەو تۆمەتەیان ڕەت دەکردەوە.
مزگەوتی ئەل ئەقسا دەکەوێتە سەر حەرەم ئەلشەریف، بۆ جووەکانیش تێمپڵ ماونتە. هەڵکوتانە سەر بینای مزگەوتەکە بووە هۆی دروستبوونی شەڕ و پێکدادانێک لەو ساڵەدا لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا کە یانزە ڕۆژی خایاند.
تەنها سێ وێنەی زەیف هەن: یەکێکییان تێیدا تەمەنی لە بیستەکانیدایە، یەکێکی دیکەیان ماسکی بە دەموچاوەوەیە، وێنەیەکی دیکەی هەیە کە تەنها سێبەرەکەیەتی، ئەو وێنەیە لەگەڵ ئەو تۆمارە دەنگییەدا بەکارهێندرا کە لە 7 ی مانگی 10 دا بڵاوکرایەوە.
زەیفی 58 ساڵ بە دەگمەن قسە دەکات و بە دەگمەن دەردەکەوێت. لەبەرئەوە کاتێک کەناڵی تەلەفیزیۆنی حەماس ڕایگەیاند کە زەیف لەو ڕۆژەدا قسە دەکات، فەلەستینییەکان دەیانزانی کە شتێکی زۆر گرنگ و گەورە بەڕێوەیە.
زەیف لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت " ئەمڕۆ توڕەیی ئەل ئەقسا و توڕەیی گەلەکەمان و نەتەوەکەمان دەتەقێتەوە. موجاهیدینەکانمان ' چەکدارەکانمان '، ئەمڕۆ ڕۆژی ئێوەیە بۆ ئەوەی ئەم تاوانبارە تێبگەیەنن کە ئێستا کاتەکەی کۆتایی هاتووە."
ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا حەماسییان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست ناوبردووە.
سەرچاوەکەی نزیک لە حەماسەوە وتی بڕیاری ئامادەکاریکردن بۆ هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 بە هاوبەشی لەلایەن زەیف و سینوارەوە دراوە. زەیف سەرکردەی باڵی سەربازیی حەماسە کە بە لیواکانی ئەلقەسام ناسراوە. بەڵام ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەندازیاری هێرشەکە زەیف بووە.
سەرچاوەکە وتی " دوو مێشک هەبوون، بەڵام یەک ئەندازیار هەبوو." وتیشی زانیارییەکان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان تەنها چەند سەرکردەیەکی کەمی حەماس زانیویانە.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئیسڕائیل وتی زەیف ڕاستەوخۆ بەشدار بووە لە پلاندانان و ئەرکەکانی هێرشەکەدا.
پلانەکە کە لەلایەن زەیفەوە داڕێژراوە، هەوڵێکی درێژخایەنی هەڵخەڵەتاندنی لە خۆگرتبوو. ئیسڕائیل وایلێکرابوو باوەڕ بەوە بکات کە حەماسی هاوپەیمانی ئێرانی دوژمنی ئیسڕائیل بەلایەوە گرنگ نیە شەڕێک دەستپێبکات و لە جیاتی ئەوە سەنگی خستووەتە سەر گەشەی ئابووری لە غەززە. حەماس لە ساڵی 2007 دا دەسەڵاتی غەززەی گرتە دەست.
سەرچاوەکەی نزیک لە حەماسەوە وتی بەڵام لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل دەستیکرد بە دابینکردنی هەلی ئابووری بۆ کرێکارانی غەززە، چەکدارانی حەماس مەشقییان دەکرد و چاڵییان هەڵدەکەند، زۆرجار ئەمەیان لە بەرچاوی سوپای ئیسڕائیلدا دەکرد.
زەیف لە تۆمارە دەنگییەکەدا وتی حەماس چەندین جار هۆشداری داوە بە ئیسڕائیل تاوەکو تاوانەکانی دژی فەلەستینییەکان ڕابگرێت و زیندانییەکان ئازاد بکات و دەست هەڵبگرێت لە زەوتکردنی خاکی فەلەستینییەکان.
وتی " لە ژێر ڕۆشنایی داگیرکاریی و ڕەتکردنەوەی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا، لە ژێر ڕۆشنایی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و بێدەنگی نێودەوڵەتی، بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو ئەمە بهێنین."
لە مانگی پێنجدا داواکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای مۆڵەتی دەستگیرکردنی کرد بۆ زەیف و سینوار و کەسێکی دیکەی حەماس لەسەر هێرشەکە، هەروەها بۆ نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیلیش لەسەر وەڵامەکەی ئیسڕائیل لە غەززە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسڕائیل لە غەززە ئامانج لێی لە ناوبردنی حەماسە.
ئیسڕائیل و حەماس هەردووکییان تۆمەتەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییان ڕەت کردەوە.
دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە ئیسڕائیل، بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن زیاتر لە 38,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون، زۆربەی کەرتی غەززەش وێران بووە.
محەمەد مەسری لە ساڵی 1965 لە کامپی پەنابەرانی خان یونس لە دایک بووە، ئەوەش دوای جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و عەرەب لە ساڵی 1948 دا. سەرکردە سەربازییەکەی حەماس بە محەمەد زەیف ناسرا دوای ئەوەی پەیوەندی بە حەماسەوە کرد لە یەکەمین ڕاپەڕینی فەلەستینییەکاندا کە لە ساڵی 1987 دا دەستیپێکرد.
سەرچاوەیەکی حەماس وتی لە ساڵی 1989 دا لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستگیرکراوە و نزیکەی 16 مانگی لە زینداندا بەسەربردووە.
زەیف بڕوانامەیەکی هەیە لە زانستدا و لە زانکۆی ئیسلامی لە غەززە خوێندنی تەواو کردووە، لەو زانکۆیەدا زەیف فیزیا و کیمیا و زیندەزانی خوێندووە.
سەرچاوەکانی حەماس دەڵێن زەیف لە یەکێک لە هەوڵەکانی ڕابردووی ئیسڕائیلدا بۆ کوشتنی، زەیف چاوێکی لە دەستداوە و قاچێکی بە سەختی بریندار بووە. ڕزگاربوونی لە کاتێکدا کە سەرکردەی سەربازیی حەماسیش بووە مانای ئەوە بووە کە زەیف لەلایەن هەندێک لە فەلەستینییەکانەوە وەکو پاڵەوان سەیرکراوە.
خێزانەکەی و کوڕە تەمەن 7 مانگییەکەی و کچە تەمەن 3 ساڵەییەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لە ساڵی 2014 سەرجەمییان گیانییان لە دەستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز