Accessibility links

سەرکردەیەکی حەماس پێشتر بە ئاشکرا باسی لە هێرشە کوشندەکەی سەر ئیسڕائیل کردبوو


یەحیا سینوار
یەحیا سینوار

ساڵی ڕابردوو یەحیا سینوار لە گردبوونەوەیەکدا لە غەززە ڕایگەیاند حەماس لە هێرشێکی توندی چەکداری بۆ سەر ئیسڕائیل، موشەکەکان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەکات. سینوار پێشتر لە ئیسڕائیل بۆ ماوەی 23 ساڵ زیندانی کراوە، بەڵام دوای ئازادبوونی لە ناو حەماسدا پلەی بەرزبووەوە بۆ سەرکردایەتی.

دوای کەمتر لە ساڵێک لە وتارەکەی ئەو سەرکردەی حەماسە بۆ لایەنگرەکانی لە غەززە، ئیسڕائیل بۆی دەرکەوتووە کە قسەکانی سینوار تەنها هەڕەشە نەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان لە ناو ئیسڕائیلدا کوشت و زیاتر لە 200 کەسیشیان وەکو بارمتە گرت.

یەحیا سینوار لە وتارەکەی 14 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2022 دا وتی " دێین بۆتان، بە ویستی خودا وەک لافاوێکی هار و کوشندە. بە موشەکی ناکۆتا دێین بۆتان، بە لافاوێکی بێ هەژماری سەربازەوە دێین بۆتان، بە ملیۆن خەڵکەوە دێین بۆتان، وەکو شەپۆلێکی دووبارەبوو."

لەو کاتەی وتارەکەدا سینوار و سەرکردەی دیکەی حەماس محەمەد زەیف پلانە نهێنییەکانییان بۆ هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا داڕشتبوو، کە کوشندەترین ڕۆژ بوو لە مێژووە 75 ساڵەکەی ئیسڕائیلدا. لە وەڵامدا ئیسڕائیل بۆردومانی غەززەی کرد و هێرشی کردە سەری، لە ئەنجامدا زیاتر لە 15,000 فەلەستینی کوژران.

قسەکانی سینوار وا پیشان دەدرێت کە بڕیارە لە داهاتوودا هیرش بکەنە سەر ئێسرائیل، هێرشێک کە حەماس بە " لافاوی ئەل ئەقسا " ناوی دەبات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ مزگەوتێک لە ئۆرشەلیم کە یەکێکە لە پیرۆزترین مەزارگەکانی ئیسلام و لەسەر شوێنێکە کە جووەکان بە تێمپڵ ماونت ناوی دەبەن. مزگەوتە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی ئیسڕائیلییەکان بووەتەوە.

سێ سەرچاوەی حەماس بە ڕۆیتەرزییان وتووە سینوار یەکێکە لەو بەرپرسانەی حەماس کە ڕابەرایەتی گفتوگۆکانی کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان بە زیندانییە فەلەستینییەکان و لەگەڵ زەیف و فەرماندەیەکی دیکەدا سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەری هەیە لە ژێرزەمینەکانی ژێر غەززەوە ئەو کارە بکەن.

لەم هەفتەیەدا بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئیسڕائیل بە ڕۆیتەرزی وت سینوار کاریگەریی هەبووە لەو گفتوگۆیانەدا کە قەتەڕ نێوەندگرییان تێدا دەکات و بووە هۆی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە کە ڕۆژی هەینی کۆتایی هات، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 200 زیندانی فەلەستینی ئازاد کران و لە بەرامبەریشدا دەیان بارمتەی ئیسڕائیل لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران.

بارمتە ئازادکراوەکان دەڵێن لە چەند ڕۆژی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا، سینوار لەلایەن هەندێک لە بارمتە ئیسڕائیلییەکانەوە لە تونێلەکاندا بیندراوە. حەماس و ئیسڕائیل بە ئاشکرا لێدوانییان لەو بارەیەوە نەداوە.

پرسی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان بە بارمتە ئیسڕائیلییەکان بابەتێکی زۆر تایبەتە بۆ سینوار، کە نیوەی ژیانی پێگەیشتووی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا بەسەر بردووە، هەروەها بەڵێنیداوە سەرجەم زیندانییە فەلەستینییەکان لە ئیسڕائیل ئازاد بکات.

سینوار لە تەنها بەیاننامەیدا لە دوای هێرشەکانەوە داوای لە دامەزراوەکانی گرنگیدان بە زیندانەکان کردووە ناوی فەلەستینییە زیندانیکراوەکان ئامادە بکەن، ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەمییان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەوە.

لە ساڵی 2011 دا، سینوار یەکێک بوو لەو 1,027 زیندانییە فەلەستینییانەی کە لە بەرامبەر تەنها یەک سەربازی ئیسڕائیلیدا ئازاد کران، سەربازەکە لە غەززە زیندانی کرابوو.

دوای ئازادکردنی، سینوار لە گردبوونەوەیەکدا لە شاری غەززە وتی " داوا لە بەرهەڵستکاران دەکەم بەڵێنی ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە فەلەستینییەکان بدەن. ئەمە دەبێت دەستبەجێ ببێت بە پلانێکی کرداریی."

سینواری تەمەن 61 ساڵ لە کامپێکی پەنابەران لە خان یونس لە دایک بووە، لە ساڵی 2017 دا وەکو سەرکردەیەکی حەماس لە غەززە دەستنیشانکرا. لە دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ەوە، ئیسڕائیل بە پیاوێکی مردوو سەیری دەکات، وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی سینوار و سەرکردەکانی دیکە " لە کاتێکی قەرزکراودا دەژین"، ئەمەش وەک هەڕەشەیەک کە هەر کات و ساتێک ڕەنگە لە لایەن ئیسرائیلەوە بکوژرێن.

بەرپرسانی ناوچەکە وتوویانە پێناچێت ئیسڕائیل کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت هەتاوەکو سینوار نەکوژرێت یاخود دەستگیر نەکرێت.

سەرکردەکانی حەماس و بەرپرسانی ئیسڕائیلیش کە سینوار دەناسن لەسەر ئەوە هاوڕان کە سینوار بە تەواوەتی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ حەماس.

کەسایەتییەکی حەماس لە لوبنان سینواری بە " سەرسەخت " ناوبردووە بە "توانایەکی سەرسوڕهێنەری بەرگەگرتنەوە."

مایکڵ کوبی، بەرپرسێکی پێشووی شین بێتی ئیسڕائیل کە بۆ ماوەی 180 کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ سینواردا کردووە کاتێک سینوار لە زینداندا بووە، وتی سینوار لە ناو هەموویاندا بە تواناکەی بۆ ترساندن و سەرکردایەتیکردن دەردەکەوت، کوبی وتی جارێکییان پرسیاری لە سینوار کردووە کە ئەو کاتە سینوار تەمەنی 28 یاخود 29 ساڵ بووە، بۆچی تاوەکو ئێستا هاوسەرگیریت نەکردووە؟

کوبی وتی " پێی وتووم حەماس هاوسەرمە، حەماس منداڵمە، بۆ من حەماس هەموو شتێکە."

لە ساڵی 1988 دا سینوار بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ڕفاندن و کوشتنی دوو سەربازیی ئیسڕائیلی و کوشتنی چوار فەلەستینی سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.

بەرپرسی پێشووی بەشی دەزگای هەواڵگری زیندانی ئیسڕائیل یوڤال بیتۆن لە مانگی 10 دا بە کەناڵی 12 ی وت " لەو کاتەدا سینوار دەستی بە خوێنی ئیسڕائیلییەکان سوور نەبوو، دەستی بە خوێنی فەلەستینییەکان سوور بوو."

بیتۆن کە پزیشکی ددان بووە و چارەسەری بۆ سینوار کردووە، وتی کارمەندانی تەندروستی ئیسڕائیل لە ساڵی 2004 دا لوویەکییان لە مێشکی سینواردا دەرکردووە. وتی " ئێمە ژیانی ئەومان ڕزگار کرد و ئەمەش سوپاسی ئەوە." خوشکەزاکەی بیتۆن لە غەززە بە بارمتە گیراوە.

کوبی وتی سینوار خۆی تەرخانکردووە بۆ وێرانکردنی ئیسڕائیل و کوشتنی جووەکان. وتی " دەروونی نەخۆشە " و " پێم وانیە شێوازی تێگەیشتنی بۆ ژیانی ڕاستەقینە هاوشێوەی تیرۆریستە ژیرتر و پراگماتیکترەکان بێت."

بیتۆن وتیشی سینوار کێشەی نەبووە لەوەدا ببێتە هۆی ناڵاندنێکی گەورە لە پێناو پرسێکدا، وتیشی جارێکیان سەرکردایەتی 1600 زیندانی کرد بۆ مانگرتن لە خواردن تاوەکو مردن.

وتی " ئەو ئامادەبوو هەر باجێک هەیە بیدات لە پێناو پرسەکەیدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG