لە خولی چوارەمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینی، گرووپی توندڕەوی حەماس ڕۆژی شەممە، 1ی مانگی دوو، سێ بارمتەی ئیسرائیلی دیکەیان لە غەززە ڕادەستی خاچی سوور کرد.
ئۆفەر کالدیرۆن کە هاووڵاتییەکی ئیسڕائیلی فەڕەنسییە، لەگەڵ یاردین بیباسدا لە شاری خان یونسی باشووری غەززە ڕادەستی بەرپرسانی خاچی سوور کران و دواتر گواسترانەوە بۆ ئیسڕائیل. کییث سیگڵی ئەمەریکایی ئیسڕائیلی بە جیا ئازاد کرا.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، ئیسڕائیل 183 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. لە نێوییاندا 150 زیندانییان گەیشتنە غەززە و 32 کەسی دیکەیان گواسترانەوە بۆ ڕامەڵا لە کەناری ڕۆژئاوا. زیندانییەکی ئازاد کراو دەربەدەر دەکرێت بۆ میسڕ، ئەوەش بەپێی نوسینگەی میدیای حەماس.
لە کاتێکدا کە زیندانیانی فەلەستینی بە هاوار و خۆشی لەلایەن خەڵکی ڕامەڵا پێشوازییان لێکرا، لە هەواڵێکی دیکەدا، دەروازەی ڕەفەح لە باشووری غەززە کرایەوە بۆ ئەوەی نەخۆشە فەلەستینییەکان بگوازرێنەوە بۆ میسر بۆ وەرگرتنی چارەسەری. سەرەتا ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشی دڵییان هەیە ڕێیان پێدەدرێت بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی بچن بۆ میسڕ.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕەخنەی لەوە گرت کە ژمارەیەکی کەم لە نەخۆشەکان ڕێگەیان پێدراوە بڕۆنە دەرەوەی غەززە بۆ چارەسەر، وتی نزیکەی 18,000 کەس پێویستییان بە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی هەیە.
بزووتنەوەی حەماس کە لە لایەن ئەمەریکا و ئەورووپاوە بە گرووپێکی تیرۆریستی دادەنرێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ڕۆژی پێنجشەممە بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، هەشت بارمتەی دیکەی ئازاد کرد کە سێیان ئیسرائیلی و پێنج تایلەندی بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز