Accessibility links

حەماس چوار بارمتەی دیکەی ئیسڕائیلی ئازاد دەکات


لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، ڕۆژی شەممە، 25ی مانگی یەک حەماس چوار بارمتەی ژنی ئیسڕائیلی ئازاد کرد کە سەرجەمییان سەرباز بوون، ئەوەش لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی 200 زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا کە بڕیارە ئازاد بکرێن.

سەربازە بارمتەکان، کارینا ئاریێڤ، دانیێلا گیلۆبۆوا، ناما لێڤی و لیری ئالباگ، سەرجەمییان لە خاڵێکی چاودێری جێگیرکرابوون لە قەراغی غەززە و لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل چەکدارانی حەماس چوونە بنکەکەیانەوە و ڕفاندییانن.

خێزانەکانییان لە بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک سنوورەکە لە خۆشیدا دەگریان کاتێک بارمتەکانییان لەسەر شاشەیەکی گەورە بینی، ڕاستەوخۆ سەیری ڕادەستکردنەوەی بارمتەکانییان دەکرد. لە تەل ئەڤیڤیش سەدان ئیسڕائیلی لە " گۆڕەپانی بارمتەکان " کۆبوونەوە و دەگریان و سەیری ڕادەستکردنەوەکەیان دەکرد.

سوپا وتی دوای ماوەیەکی کورت لە ئازادکردنییان، سەربازەکان بە خێزانەکانییان شاد بوونەتەوە، وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل وتی سەربازەکان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازیی لە ناوەڕاستی ئیسڕائیلدا.

بەڵام خۆشحاڵییەکە لە ئیسڕائیل نائومێدیشی لەگەڵدا بوو، ئەوەش دوای ئەوەی بارمتەیەکی ژن کە هاووڵاتییەکی مەدەنی بووە و پێشبینی دەکرا ڕۆژی شەممە ئازاد بکرێت، ئازاد نەکرا. ئاربیل یەهودی تەمەن 29 ساڵ لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لە ماڵەکەی خۆی لە کیبوتز نیر ئۆز لەگەڵ هاوڕێکەیدا ڕفێندرا.

وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیل وتی ئەوە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە بووە، هاوکات حەماس وتی کێشەیەکی تەکنیکی هەبووە. بەرپرسێکی حەماس وتی حەماس نێوەندگرانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە ژنەکە لە ژیاندا ماوە و ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئازاد دەکرێت.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی فەلەستینییەکانی غەززە ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ بەشی باکووری غەززە ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت.

سەدان هەزاران فەلەستینی لە باکووری غەززە ئاوارە بوون و بەرەو باشوور هەڵاتوون، زۆرێکییان پێشبینی دەکرا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بگەڕێنەوە.

بەرپرسێکی فەلەستینی بە ڕۆیتەرزی وت نێوەندگران کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

حەماس وتی 200 زیندانی فەلەستینی ڕۆژی شەممە ئازاد دەکرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنەکەدا. لەو زیندانییانەی کە ئازاد دەکرێن چەکداریی تاوانبارییان تێدایە کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەردا سەپێندراوە لەسەر تێوەگلانییان لە هێرشەکاندا کە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس. حەماس وتی نزیکەی 70 کەسییان ڕەوانە دەکرێنەوە.

ئاڵوگۆڕەکەی ڕۆژی شەممە دووەمین ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبێت لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە لە 19 ی مانگی یەکدا. حەماس لە یەکەم ئاڵوگۆڕدا سێ بارمتەی ژنی ئیسڕائیلی ئازاد کرد و لە بەرامبەردا ئیسڕائیل 90 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد.

لە شەش هەفتەی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا، حەماس ڕازی بووە 33 بارمتە ئازاد بکات، بە منداڵ و ژن و پیر و نەخۆش و بریندارەکانیشەوە، لە بەرامبەریشدا سەدان زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا ئازاد دەکرێن، هاوکات هێزەکانی ئیسڕائیل لە هەندێک لە شوێنەکانییان لە کەرتی غەززە دەکشێنەوە.

لە قۆناغی دواتردا ئیسڕائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکانی دیکە و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە.

دوای ئازادکردنەکەی ڕۆژی شەممە، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن ئێستا 90 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە، وتووشییەتی کە نزیکەی سێیەکی ئەو بارمتانە گیانییان لە دەستداوە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان 1200 کەس کوژراون و چەکدارەکان زیاتر لە 250 کەسییان بە بارمتە گرتووە. لە وەڵامدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی حەماس لە غەززە و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن زیاتر لە 47,000 فەلەستینی کوژراون.

ئیسڕائیل زیاتر لە 400 سەربازی لە شەڕەکەی غەززەدا لە دەستداوە. حەماس ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە چەند چەکداری کوژراون. ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی سێیەکی کوژراوەکان لە غەززە چەکدار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG