Accessibility links

ئەمەریکا ئامادەیە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لەگەڵ جارێد کوشنەر و جەیسن گریبلات
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لەگەڵ جارێد کوشنەر و جەیسن گریبلات

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ دانوستانەکان لەگەڵ فەڵەستیندا سەبارەت بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش لە لێدوانێکیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباسی کرد لەمیانەی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

زاوا و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا جارێد کوشنەر و نوێنەرەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەیسن گرینبلات لەپشت نیکی هەیڵییەوە دانیشتبوون لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا. کوشنەر و گرینبلات کار لەسەر پلانێکی ئاشتی نوێ دەکەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەیڵی وردەکاری زیاتری نەدا لە لێدوانە دەگمەنەکانیدا بۆ عەباس لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە.

هەیڵی وتی " نوێنەرانمان بۆ دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لە پشتمەوەن، ئامادەن بۆ دانوستانەکان. بەڵام ئێمە زۆرتان لێ ناکەین. هەڵبژاردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ تۆ سەرۆک." بەڵام مەحمود عەباس لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا نەماوەیە بۆ گوێگرتن لە لێدوانەکانی هەیڵی.

وتەبێژی کۆشکی سپی جۆش ڕافێڵ وتی واشنتن لە کاتێکی گونجاودا پێشنیاری پلانی ئاشتی دەکات.

جێی ئاماژەیە فەڵەستینییەکان چیتر ئەمەریکا بە نێوەندگیرێکی بێلایەن دانانێن و دەگەڕێنەوە بۆ پەیڕەوکردنی بەرنامەی بە کۆمەڵ بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

مەحمود عەباس وتی " وڵاتێک بە تەنها ناتوانێت چارەسەری ناکۆکییەکی هەرێمی یاخوود نێودەوڵەتی بکات بە بێ ئەوەی وڵاتان و لایەنەکانی دیکە بەشدار نەبن."

وتیشی " دەبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن لە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستیندا، کە لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیەوە بێت و لەڕووی نێودوڵەتییەوە یاسایی بێت."

ڕوونیشی کردەوە لە کۆنگرەکەدا دەبێت فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل و پێنج وڵاتەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنەکەدا بەشدار بن.

هەروەها نوێنەری ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانن وتی عەباس بەشێکە لە کێشەکە و چارەسەر نیە و تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆین ئەوەیە کە دەبێت دانوستانی ڕاستەوخۆ هەبێت لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەسینییەکاندا.

نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی لیژنە چوارقۆڵییەکەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕوسیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا پێکهاتووە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەتوانن ڕۆڵێک ببینن لە دەستپێکردنەوەی ئەرکی ئاشتیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG