Accessibility links

لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی: هەڵمەتی دەستگیرکردن بۆ ئەوانەی پێشێلی یاسا دەکەن بەردەوام دەبێت و ڕێنمایی نوێش بە هێزە ئەمنیەکان دراوە


لیژنەى باڵاى ئەمنی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان و دەشڵێن، هێزەکان ڕێنمایی نوێیان پێ دراوە کە بەزووترین کات ئارامی بگەڕێننەوە.

لە ڕاگەێنراوەکەی لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانیدا هاتووە "سەربارى ڕاگەیاندنى ڕاگرتنى خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان لە ڕاگەیاندراوى ڕۆژى 9/12/2020 وە جێگەى نیگەرانیمانە ، هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامى کەسێتى و ئەجندا جیاجیاکانیان و خەونى بوون بە پاڵەوان و کێبڕکێ کردن بۆ خاوەن دارێتى شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەسەر حیسابى ژیانى خەڵک، هەروەها بەلاڕێدا بردنى داواى ڕەواى مامۆستایان و فەرمان بەرانى بەڕێزى پشوو درێژ، لە ئەنجامدا هەموویان یەکیان گرت بۆ تێکدانى بارودۆخى ئارامى لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و بەشێک لە قەزاو ناحیەکانى تر لە ئیدارە سەربەخۆکان."

لیژنەى باڵاى ئەمنى لە سلێمانى چوار بڕیاری نوێی سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی ئەمڕۆدەرکر کە تێیدا هاتوون" لیژنەى باڵا دووپاتى دەکاتەوە تێکدانى بارودۆخى ئەمنى بەگشتى و بەتایبەت شارى سلێمانى خۆشەویست هێڵى سورە،هەروەک ڕاگرتنى جوڵەى ژیانى خەڵک و بەردەوامى خۆپیشاندانى بێ مۆڵەت باجێکى قورس و سزایەکى توندى یاسایى هەیە.

سە بارەت بە مامەڵەی هێزە ئەمنیەکانیش ڕایانگەیاندووە" هێزە ئەمنییەکان پلان و ڕێکارى نوێ و ڕێنمایی نوێیان پێدراوە کە بەزووترین کات ئارامى بگەڕێننەوە."

لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیر کردنی خۆپیشاندەرانیش دەڵێن " هەڵمەتى دەستگیرکردن بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەوانەى کە پێشهێلی یاسا دەکەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان وە ئەوانەی زیان دەگەیەنن بە موڵکى گشتى. "

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا سەبارەت بە مامەڵەی دەزگاکانی ڕاگەیاند، دەڵێن" پێویستە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن پابەند بن بە یاسا بەرکارەکان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزکردنی و شێواندنى بارو دۆخەکە و لە ڕوماڵەکانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە."

XS
SM
MD
LG