Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت پشتیوانی هێرشەکەی حەفتەر ناکەین بۆ سەر تەڕابلس


خەلیفە حەفتەر
خەلیفە حەفتەر

دوو بەرپرسی باڵای ئەمەریکا وتیان ئەمەریکا پشتیوانی هێرشەکەی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر ناکات بۆ سەر تەڕابلسی پایتەختی لیبیا و پێی وایە ڕوسیا و سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕەوانەکردنی چەکدار و چەک و تەقەمەنی بۆ لیبیا.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێنری وستەر وتی " ئەمەریکا پشتیوانی کردەوەکانی سوپای نیشتیمانی لیبیا ( هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ) ناکات دژی تەڕابلس. هێرشەکە بۆ سەر پایتەخت هەوڵەکان بەلایەکی دیکەدا دەبات لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی ئێمە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە."

ساڵێک لەمەوبەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر هێرشەکانی دەست پێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەڕابلسی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی باکووری ڕۆژئاوای لیبیا. لە ساڵی 2014 ەوە لیبیا دابەش بووە بەسەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی لیبیادان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر. باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە و ناوچەکانی دیکە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدان و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەش لەژێر دەسەڵاتی خەلیفە حەفتەردایە.

خەلیفە حەفتەر لەلایەن هەریەک لە ڕوسیا و میسڕ و ئیماڕاتەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەکاتێکدا تورکیا پشتیوانی لە حکومەتەکەی لیبیا دەکات. لە ساڵی 2011 دا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەکی بۆ لیبیا ڕاگەیاند دوای ئەوەی موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لەکارەکەی دوورخرایەوە.

لە ئێستادا لیبیا گۆڕەپانی ململانێکانە لەکاتێکدا هێزە دەرەکییەکان دەستیان وەرداوەتە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە. سیاسەتمەداران دەڵێن ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشیاریانداوە لەسەر زیادبوونی هێزە سەربازییە ڕوسییە خانەنشینکراوەکان لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا تورکیا و ئیماڕات فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە وڵاتەکەدا بڵاوکردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا جەیمس جێفری وتی گۆڕەپانی شەڕەکە ئاڵۆزتر دەبێت. وتیشی " ئەوە دەزانین. بەدڵنیاییەوە ڕوسیا لەگەڵ ئەسەددا کار دەکات بۆ گواستنەوەی چەکدارەکان، لەوانەیە لە وڵاتانی دیکەوە یاخود لە سوریاوە ڕەوانەی لیبیایان بکەن بە چەک و تەقەمەنیشەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG