Accessibility links

میسر مەڕاسیمی ڕێزلێنانی لەشکری بۆ بەخاکسپاردنی حوسنی موبارەک ئەنجام دەدات


میسر مەڕاسمی ڕێزلێنانی لەشکری بۆ سەرۆکی پێشوی وڵاتەکە حوسنی موبارەک ئەنجام دا، کە نزیکەی 30 ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئەو وڵاتەی کرد بەرلەوەی لە ساڵی 2011 لەکارلابدرێت هاوکاتی سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەبی لە زۆربەی ناوچەکە.

مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکەی ڕۆژی چوارشەممە بە تەقاندی تۆپ دەستیپێکرد و پاشان دارەمەیتەکەی کە بە ئاڵای میسر داپـۆشرابوو بە گالیسکەیەک بەرەو گۆڕستان گواسترایەوە.

لەو مەڕاسیمەدا تیشک‌خرایە سەر کار و خزمەتە لەشکرییەکانی موبارەک.

سەرۆکی ئێستای میسر عبدلفەتاح ئەلسیسی بۆ ماوەیەکی کورت بەشداری مەڕاسیمەکەی کرد و هاوخەمی خۆی بۆ کوڕەکانی موبارەک عەلا و جەمال و هاوسەرەکەی سوزان دەربڕی.

پاشان لە گۆڕستانی خێزانەکەی لە ناوچەی قاهیرەی نوێ بەخاک سپێردرا. قاهیرەی نوێ ناوچەیەکی پـێشکەوتووی قاهیرەی پایتەختە و موبارک زۆربەی کاتی سەرۆکایەتیـیەکەی لەوێ ژیاوە .

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی میسر بەردەوام بوو لەسەر ڕووماڵکردنی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکەی و بەردەوام وێنەکانی موبارەکی بە گەنجی و پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی میسر نیشان دەدا.

موبارەک نزیکەی 30 ساڵ فەرمانڕەوایەتی میسری کرد و لە ساڵی 2011 پاش 18 ڕۆژی لە خۆپیشاندانی گەورەی ناو وڵاتەکە لەسەر دەسەڵات لادرا.

موبارەک لە سەرەتای خزمەتی لەشکری، ئەفسەرێک بوو لە هێزی ئاسمانی، پاشان بوو بە فەرماندە و جێگری وەزیری بەرگری.

لە ساڵی 1975 وەکو جێگری سەرۆک ئەنوەر سادات دەستنیشان کرا و کاتێک لە مانگی 10 ی ساڵی 1981 ئەنوەر سادات لەلایەن توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە کوژرا موبارەت لە تەنیشتی بوو.

پاشان ئەو ڕووداوە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی گرتەدەست و خۆی کردە جێگای متمانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهۆی ڕێزگرتنی لە ڕێککەوتنی ئاشتی ساڵی 1979 لەگەڵ ئیسرائیلدا سەرەڕای ناڕەزاییەکی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی .

موبارەک لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی دیکتاتۆرێک بوو بەسەر وڵاتەکەی، باری نائاسایی لە وڵات ڕاگەیاند بە پێی ئەوەش هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان بۆ خۆشکرابوو بەرهەڵستان سەرکوت بکەن و ئازادییە سەرەتایـیەکانی خەڵکی پێشێل بکەن.

موبارەک بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامانی ڕێکخراوی ئیخوان ئەلموسلمینی سەرکوت دەکرد و تەنانەت فشاریشی دەخستە سەر ئیسلامیە میانەڕەوەکانیش.

ئەم سەرۆکەی میسر لەلایەن بەشێکی بەرچاوی خەڵکی میسریش بە ستەمکار ناسرابوو، دەڵێن یەکێک بوو لە سەرۆکە گەندەڵەکانی وڵاتانی عەرەبی.

لە مانگی 1ی ساڵی 2011خۆپیشاندانێکی گەورە دژی حکومەتەکەی لە قاهیرە و شارەکانی تری میسر سەریهەڵ دا. لە یەکی مانگی 2 ی هەمان ساڵدا ئەو سەرۆکە بە ساڵاچووە ڕایگەیاند چی تر هەوڵی خۆ هەڵبژاردنەوەی نادات کە بڕیاربوو هەڵبژاردن لە مانگی 9ی ئەو ساڵە ئەنجام بدرێت. هەروەها بەڵێنی دا گۆڕانکاری لە دەستووردا ئەنجام بدات، بەڵام گەلی میسر داوای گۆڕانکاری زیاتریان کرد لە ئەنجامی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

لە 11 ی مانگی 2 ی ساڵی 2011، جێگری سەرۆک عومەر سولەیمان ڕایگەیاند موبارەک دەستی لەکار کێشایەوە و ئەنجومەنی باڵای لەشکری وڵات بەڕێوە دەبات. موبارەک و خێزانەکەی هەڵاتن بۆ ماڵەکەیان لە هاوینە هاواری دەریای سوور.

پاشان موبارەک دەستگیر کرا و دادگایی کرا لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەرانی دژ بە حکومەت. لە 2 ی مانگی 6 ی ساڵی 2012 بە تاوانبار ناسرا و سزای زیندانی هەتا هەتای درا، بەڵام پاشان دادگای باڵای میسر بە بـێتاوان ناساندی.

لە ساڵی 2015 ش موبارەک و دوو کوڕەکەی بە تاوانی گەندەڵی سزای سێ ساڵ زیندانی دران و لە ساڵی 2017 ئازاد کران.

XS
SM
MD
LG