Accessibility links

لە هێرشی کۆمەڵێک چەکداردا لە دیالەی عێراق 11 هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن


بەرپرسانی ئاسایشی عێراق دەڵێن بەهۆی هێرشی کۆمەڵە چەکدارێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی عێراق 11 کەس کوژراون.

دوو بەرپرسی ئاسایش کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نەبوون قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکەن، وتییان هێرشەکە شەوی پێنجشەممە لە ناوچەی موقدەدییە ڕوویداوە لە پارێزگای دیالە و گوتیان سەرەتا بۆمبێکی چێندراو لە شەقامێکدا تەقیوەتەوە و دواتر چەکدارەکان تەقەیان لە تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵکەکە کردووە.

بەرپرسەکان وتییان قوربانییەکان سەرجەمییان هاووڵاتی سڤیل بوون.

چەکدارەکان هەڵاتوون و تاوەکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

ماوە بە ماوە پارێزگای دیالە ڕووبەڕووی هێرشی خانەکانی ڕێکخراوی داعش دەبێتەوە و ماوە بە ماوەش توندوتیژی بە خۆیەوە دەبینێت بەهۆی گرژییەکانی نێوان شیعە و سوننەکانەوە. هەروەها شەڕ و پێکدادان لە پارێزگاکەدا ڕوودەدات لە نێوان گروپە چەکدارە ڕکابەرەکان و هاوپەیمانە خێڵاوی و سیاسییەکانییانەوە، دیالە کە سنووری بە هەرێمی کوردستان و ئێرانیشەوە هەیە، ڕێڕەوی سەرەکی قاچاخچێتییە.

پارێزگاری دیالە موسەنا ئەل تەمیمی لە بەیاننامەیەکدا بەڵێنیدا " شوێن ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بکەوێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وتی هێرشەکە " ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە و دەبێت بە هەموو توانا و هێزمانەوە ڕووبەڕووی ببینەوە."

هەروەها داوای هاریکارییەکی زیاتری کرد لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکانی دیکەدا، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیشدا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژ بە داعش.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG